حەماس 12 بارمتە و ئیسرائیل 30 بەندکراوی ئازاد کرد
رووداو دیجیتاڵ
لە پێنجەم رۆژی ئاگربەستەکەی نێوانیاندا، حەماس 12 بارمتە و ئیسرائیل 30 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کرد.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بارمتەکان گەیشتوونەتەوە نێو خاکی ئیسرائیل، کە 10یان ئیسرائیلین و دووانیان تایلاندین.
نووسینگەکە ئەمشەوی سێشەممە، 28-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، خانەوادەی بارمتە ئازادکراوەکانیان ئاگادارکردوونەتەوە بۆ ئەوەی پێشوازییان لێبکەن.
لەلایەکی دیکە، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، 30 بەندکراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکراون. راشیگەیاند، "ئازادکراوەکان 15یان منداڵن و 15ـی دیکەیان ژنن".
ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، ئیلۆن لێڤی، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دەکرێت ئەو ئاگربەستەی ئێستا هەیە بۆ پێنج رۆژی دیکەش درێژ بکرێتەوە، بەڵام لەسەر بنچینەی یەک بارمتە بەرامبەر بە سێ بەندکراو". هەروەها هەڕەشەی لە حەماس کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "لەوکاتەی حەماس پرۆسەی گەڕاندنەوەی بارمتەکان دەوەستێنێت، ئێمە دەست بە گوشاری سەربازیی دەکەینەوە تاوەکو حەماس [بارمتەی] زیاتر ئازاد دەکات".
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد.
رۆژی 27-11-2023، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، "قەتەر وەکو وڵاتێکی نێوەندگیر رایدەگەیێنێت، کە گەیشتووینەتە رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە و لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ درێژکردنەوەی زیاتری ئاگربەستەکە".
بە گشتی لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە، تاوەکو ئێستا حەماس 81 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 180 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.