ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیل لە باشووری سووریا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکدا لە باشووری سووریا بۆ دەستگیرکردنی چەند گومانلێکراوێک، شەش سەربازیان بریندار بوون، کە برینی سێیان سەختە. لە بەرامبەردا، میدیای سووریا باسی کوژرانی لانیکەم 9 کەس دەکات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن سەربازانی لیوای 55ـەوە لە گوندی بەیت جن لە باشووری سووریا ئەکراوە. ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندامی جەماعەی ئیسلامی بووە، کە بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لە رابردوودا مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردبوو و پلانیان بۆ هێرشی زیاتر دادەنا.
 
سوپای ئیسرائیل سەرەتا رایگەیاند دوو برایان دەستگیر کردووە و یەکێکیان وەکو "گومانلێکراوی سەرەکی" دادەنرا. دواتریش رایگەیاند، کەسێکی دیکەشیان دەستگیر کردووە. 
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوانەی دەستگیرکراون، لە ماڵەوە و لەنێو جێگەدا دەستگیریان کردوون، بەڵام کاتێک هێزەکان ویستوویانە لەگەڵ گومانلێکراوەکان ناوچەکە جێبهێڵن، رووبەڕووی تەقەی چەکدارانی دیکە بوونەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تیرۆریستان تەقەیان لە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل کرد، کە ئەوانیش وەڵامی تەقەکانیان دایەوە." هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر و درۆن، پشتیوانیی هێزە زەوینییەکان کردووە و بۆردوومانی ناوچەکەیان کردووە. سوپاکە دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانیش چەندین هێرشیان بۆ سەر ئامانجی پێشتر دیاریکراو کردووە و لە ئەنجامی شەڕەکەدا چەندین چەکدار کوژراون.
 
لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا، شەش سەربازی ئیسرائیلی بریندار بوون. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو ئەفسەر و سەربازێکی یەدەگ بە سەختی بریندار بوون، سەربازێکی دیکەی یەدەگ برینەکەی مامناوەند بووە، و دوو سەربازی دیکەش برینەکانیان سووکە. هێلیکۆپتەرەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل سەربازە بریندارەکانیان بۆ چارەسەرکردن گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل.
 
لە کاتی پێکدادانەکاندا، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی جۆری هەمەڕ کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە لەکارکەوتووە. ئەو سەربازانەی لەنێویدا بوون ناچاربوون ئۆتۆمبێلەکە لەنێو بەیت جن بەجێبهێڵن، کە دواتر سوپای ئیسرائیل لە رێگەی ئاسمانەوە بۆردوومانی کرد و تێکی شکاند.
 
لەلایەکی دیکەوە، میدیای سووریا دەڵێت، لە هێرشەکەدا 9 سووریایی کوژراون. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە درۆنەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە سووڕانەوە بەسەر ناوچەکە و دەیان خێزانیش ناچار بوون ماڵەکانی خۆیان بەجێبهێڵن.