رووداو لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە سووریا؛ شایەتحاڵان باسی "شەوێکی پڕ لە ترس" دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو چووە گوندی بێت جن لە باشووری سووریا، تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوەی هێزێکی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لەنێو گوندەکەدا کرد کە بەهۆیەوە 13 کەس کوژران و زیاتر لە 20ـی دیکەش بریندار بوون. پەیامنێری رووداو لەگەڵ شایەتحاڵانی رووداوەکە قسەی کرد کە باسیان لە "شەوێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن" و هێرشی "فڕۆکە، گوللـەتۆپ و مووشەک" کرد.
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 28-11-2025 هێزێکی ئیسرائیلی چوونە ناو گوندی بێت جن لە نزیک سنووری نێوان سووریا و ئیسرائیل، کە بە گوتەی خۆیان ئامانجیان "دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکدار" بوو، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی پێکدادانێکی سێ کاژێری و بۆردوومانێکی قورس.
 
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق، چووە گوندەکە. غەزوان محەممەد حەمادی، کە ماڵەکەی وێران بووە و دوو منداڵی بریندار بوون، گوتی، "کاژێر 3 بۆ 4ـی بەرەبەیان بوو، بینیمان فڕۆکە هاتن و دەنگی تەقە بیسترا، دۆخێکی شێواو بوو. من و هاوژین و منداڵەکەم لە ماڵەوە لە خەودا بووین."
 
محەممەد حەمادی، شایەتحاڵێکی دیکەی رووداوەکە، باسی لە هێرشەکە کرد و گوتی، "فڕۆکە، گوللـەتۆپ، مووشەک، هەموو شتێک بەکارهاتن. لەناکاو ناوچەکە گەمارۆدرا. سێ کەسیان برد. چوونە نێو ماڵەکانیان و بردیانن، بەڵام نازانین کێن."
 
هاووڵاتییەکی دیکەی گوندەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت، "بیانوویان ئەوە بوو کە حەماس و حیزبوڵڵا لێرەن، بەڵام هیچ کەسێک لێرە نییە."
 
ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس. زیاد محەممەد ئەبو حەمدە، کارمەندێکی وەزارەتی تەندروستی، ئامارەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، "13 کەس شەهید بوون و نزیکەی 20 برینداریش بۆ نەخۆشخانەکانی مواسات و جۆلانی گوێزرانەوە."
 
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند کە 6 سەربازی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بریندار بوون.
 
ئۆپەراسیۆنەکە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە. وەزارەتی دەرەوەی سووریا هێرشەکەی بە "تاوانی جەنگ" ناوبرد و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە "دەیەوێ ناوچەکە ئاگر تێبەربدات."
 
نەجات روشدی، جێگری نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "پێشێلکارییەکی گەورە و قبووڵنەکراوی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا" ناوی برد.
 
ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە چەکدارانی گرووپی ئیسلامیی "جەماعە ئیسلامییە" بووە کە بنکەکەی لە لوبنانە و هاوپەیمانی حەماسە. راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "گومانلێکراوەکان لە ناوچەی بێت جن جموجووڵیان دەکرد و پلانیان بۆ هێرشی تیرۆریستی دژی هاووڵاتییانی ئیسرائیل دادەڕشت."