سوپای ئیسرائیل: درۆنێکمان لە بەرزاییەکانی جۆلان تێکشکاند

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە بەرزاییەکانی جۆلان درۆنێکی خستووەتە خوارەوە کە بەگوتەی خۆی، لە سووریاوە ئاڕاستە کرابوو. دەشڵێت، تەنیا زیانی مادی هەبووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 28-12-2023 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "درەنگی شەوی چوارشەممە درۆنێکمان لە نزیک کۆمەڵگەی ئیلات لە بەرزاییەکانی جۆلان خستەخوارەوە کە لە سووریاوە هەڵدرابوو."
 
لەبارەی زیانەکانەوە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، جگە لە چەند زیانێکی مادی، تێکشکاندنی درۆنەکە نەبووە هۆی هیچ زیانێکی گیانی.
 
ئیسرائیل لە ساڵی 1967 لە شەڕی ئیسرائیل-عەرەب بەشێکی بەرزاییەکانی جۆلانی لە سووریا کۆنتڕۆڵکرد و لە ساڵی 1981 بە فەرمی بە سنووری خۆیەوە لکاندی، تائێستا نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بەو لکاندنە نەناوە.
 
رووبەری بەرزاییەکانی جۆلان هەزار و 800 کیلۆمەتر دووجایە، ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی هەزار و 200 کیلۆمەتر دەکات و سووریاش خاوەنی 600 کیلۆمەتر دووجایە. نزیکەی 40 بۆ 50 هەزار کەس لەو ناوچەیە دەژین و 20 بۆ 25 هەزاریان عەرەبن.
 
لە ماوەی شەش رۆژدا ئەمە دووەمجارە هێرش بکرێتە سەر ئەو ناوچەیە. رۆژی 22-12-2023 گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، "لە درێژەی بەردەوامبوومان لەسەر رێبازی رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر، سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان لە غەززە، وەڵاممان لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی قەوارەی زایۆنی لە دژی دانیشتووانی غەززە دەیکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی ئامانجێکیان لە ناوچەی ئوم رەشراش (ئیلات) بە چەکی گونجاو پێکا."
 
ئەوە یەکەم جار نییە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەڵێت، ناوچەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، پێشتر لە 2-11-2023 گرووپەکە رایگەیاندبوو لە کەناراوەکانی دەریای مردوو، هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجێکی ئیسرائیل، رۆژی دواتریش گرووپە راگەیاند، ئامانجێکیان لە ناوچەی ئیلات پێکاوە.
 
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
 
هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا لە 17 تشرینی یەکەمەوە، لانیکەم 106 جار هێرشیان کراوەتەسەر. گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی بەرپرسیارێتیی خۆی لە نزیکەی هەموو ئەو هێرشانە دەربڕیوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانیان بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق، ئەم هێرشانە رانەگرن، ئەوان بۆ پاراستنی سەرباز و کارمەندەکانیان بەبێ دوودڵی وەڵامیان بۆ ئەو هێرشانە دەبێت.