سێناتی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک بۆ پاراستنی کورد لە سووریا ئامادە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەدوای میکانیزمێکدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی کورد لە سووریا. سێناتۆر لیندسی گراهام ئاشکرای کردووە ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسایەک بۆ ئەو مەبەستە پێشکێش دەکەن. سێناتۆرێکی دیکەش دەڵێت، ئەرکی ئەمریکایە دڵنیابێت کورد رووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە نابێتەوە.
 
ریچارد بلومێنتاڵ، سێناتۆری ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەنێو کۆنگرێسدا کار بۆ پاراستنی کورد دەکەن.
 
بلومێنتاڵ گوتی: "پێموایە پێویستە ئێمە کورد لە سووریا بپارێزین و هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی دڵنیابین پارێزراو دەبن بەرامبەر هەر سزادان و تۆڵەسەندنەوەیەک لەلایەن حکومەتی سووریاوە. ئەمریکا ئەو ئەرکەی لەسەرە، چونکە هاوئاهەنگمان بوون و کارمان لەگەڵ کردوون."
 
ئەو سێناتۆرە ئومێدی خواست ئیدارەی ئەمریکا هەنگاوی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە بنێت و گوتی: "من کار لەگەڵ هاوکارانم دەکەم بۆ هەبوونی هەر پڕۆژەیاسایەک، بەڵام هیوادارم حکومەتی ئەمریکا زیاتر پارێزگارییان لێبکات."
 
پەیامنێری رووداو لە واشنتن لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ دەیان ئەندامی کۆنگرێس لە هەردوو ئەنجوومەنەکە قسەی کردووە و "هەموویان بە کۆدەنگی لە دژی ئەو هێرش و پێشێلکارییانەن بەرامبەر بە کورد و هێزە کوردییەکان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکرێت."
 
کریس کوونز، سێناتۆرێکی دیکەی ئەمریکایە و نیگەرانیی خۆی بۆ دۆخەکە دەردەبڕێت. کوونز بە رووداوی گوت: "زۆر نیگەرانم بەرامبەر بە سەلامەتی و ئاسایشی هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات. پێموایە دەبێت حکومەتەکەی ئەلشەرع هێرشەکانیان بوەستێنن و وەک رێگەیەکی گونجاو گفتوگۆ بکەن لەگەڵ کورد."
 
لەگەڵ گوشارەکانی کۆنگرێس، ئیدارەی ئەمریکاش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە و داوای کردووە ئاگربەستی کاتیی سووریا ببێتە هەمیشەیی و کێشەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، بە جۆرێک کە لە سووریای نوێدا مافی کورد و سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت.