شەڕ کاریگەری لەسەر 22 ملیۆن هاووڵاتی و 18 وڵات هەبووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێ دەنێتە پێنجەمین هەفتەیەوە و رۆژ دوای رۆژ ژمارەی ئەو شوێنانەی هێرشیان دەکرێتەسەر و قەبارەی زیانەکەش زیاتر دەبێت. 
 
بەپێی رێکخراوی (داتای رووداوەکان و شوێنی پێکدادانە سەربازییەکان) لە یەک مانگدا کۆی هێرشەکان 4،472 هێرش بوون و زانیارییەکانیش بە جێ پی ئێس و لە رووی هێڵی پانی و درێژییەوە کۆکراونەتەوە و تۆمارکراون. ژمارەی درۆن و مووشەکەکان کە لەو هێرشانەدا لەلایەن هەردوو لایەنی شەڕەکەوە بەکارهێندراون سێ بۆ چوار هێندە لە ژمارەی هێرشەکان زیاتر بووە.
 
لەو 4 هەزار و 472 هێرشەی رێکخراوەکە کۆی کردوونەتەوە و بڵاوی کردوونەتەوە، 2 هەزار و 734 هێرشیان بۆسەر ژێرخانی سەربازی و ئەمنی بوون، 208 هێرشیان بۆسەر شوێنی سڤیل وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە و ماڵ بوون. کەمترین ژمارەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی وزە بوون کە 148 هێرش بوون و 1،382 شوێنی هێرشەکانیش نەناسراونەتەوە.
 
وەک نموونەیەک، لە 27ی ئاداری 2026دا ژمارەی ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل کردیانە سەر ئێران 79 هێرش بوون، کە 77 دانەیان لە ئاسمانەوە و 2 هێرشەکەی دیکە لە زەوی و دەریاوە بوون. لە بەرامبەردا ئێران 25 هێرشی کردووە. بەپێی رێکخراوەکە، 75 هێرشی ئەمریکا و ئێسرائیل کاریگەرییان هەبووە و ژمارەکەش بە رێژەی 4٪ بەراورد بە رۆژەکانی پێشتر زیاتر بوون. 
 
لەم شەڕەدا کەمترین هێرش بۆسەر ژێرخانی وزە بووە، بەڵام گەورەترین کاریگەرییان لەسەر ئاستی جیهان لەرووی ئابوورییەوە هەبووە، وەک بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی خاو، گازی سرووشتی و بەنزین لە وێستگەکانی دابەشکردن لە ئەمریکاوە تاوەکو ئاسیا و ئەورووپا.
 
تاوەکو 27ی ئاداری 2026 زۆرترین هێرشی ئەم شەڕە بۆسەر بنکە و شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان بووە. بەپێی داتاکانی رێکخراوەکە، 2 هەزار و 171 هێرش کراوەتە سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران، 226 هێرش کراوەتە سەر ژێرخانی سەربازیی ئیسرائیل. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی سەربازیی وڵاتانی دیکەوە هەیە، ئامارەکە بەم جۆرەیە: ئیمارات 76 هێرش، عێراق 75 هێرش، کوێت 60 هێرش، بەحرێن 32 هێرش، فەلەستین و سعودیە هەریەکەیان 21  هێرش. ژمارەی درۆن و مووشەکەکانیش لەو هێرشانەدا بۆسەر وڵاتانی کەنداو زیاتر لە 4500 مووشەک و درۆن بووە. 
 
لەڕووی ژێرخانی وزەوە لەکۆی 148 هێرش، زۆرترینی بۆسەر ئێران بووە بە 81 هێرش، پاشان ئیمارات بە 16 هێرش، هەریەکە لە کوێت و سعودیە 14 هێرش، هەریەکە لە ئیسرائیل و عوممان 6 هێرش، قەتەر 5 هێرش، هەریەکە لە عێراق 3 و هەرێمی کوردستان 1 هیرش.
 
کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان لە وڵاتانی جیاواز
 
بەپێی داتاکانی رێکخراوەکە، شەڕەکە کاریگەری لەسەر 18 وڵات و هەرێمی کوردستان هەبووە، بە جۆرێک 12 وڵاتیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری راستەوخۆی شەڕەکە و 6 وڵاتەکەی دیکەیان ناڕاستەوخۆ بووە. ژمارەی دانیشتووانی ئەو 12 وڵاتەی لەم شەڕەدا دانیشتووانەکەیان بەهۆی مووشەک و درۆنەوە کاریگەریی راستەوخۆیان کەوتووەتە سەر زیاتر لە 22 ملیۆن کەسە.
 
12 وڵاتەکە بریتین لە ئێران، ئیسرائیل، ئەمریکا، لوبنان، ئیمارات، سعودیە، عێراق، کوێت، قەتەر، بەحرێن، سووریا، یەمەن و ئوردن. 
 
ئەو وڵاتانەشی ناڕاستەوخۆ شەڕ کاریگەری لەسەریان هەبووە بریتین لە عومان، تورکیا، قوبرس، سریلانکا، ئازەربایجان و پاکستان.
 
بەپێی داتاکانی رێکخراوەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو 27ی ئاداری 2026 لە 18 وڵاتەکەدا لە ئەنجامی شەڕەکە کوژراون گەیشتووەتە 1،483 کەس. 
ئامانجی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتان؛ هەرێمی کوردستان زیاتر لە قەتەر بەئامانج گیراوە
 
بەپێی داتا کۆکراوەکانی رێکخراوەکە، ژمارەی ئەو شوێنانەی لە ئێران کراونەتە ئامانج گەیشتووەتە 3 هەزار و 276 شوێن، بەدوایدا ئیسرائیل 414 جار شوێنە جیاوازەکانی کراونەتە ئامانج. ئینجا ئیمارات 137 شوێن، سعودیە 111 شوێن، سووریا 92 شوێن، عێراق 89 شوێن، بەحرێن 84 شوێن، هەرێمی کوردستان 57 شوێن، فەلەستین 46 شوێن، ئوردن 27 شوێن و عومان 21 شوێن بوون. 
 
لە ماوەی ئەم شەڕەدا، زۆرترین هێرش لە دووەم هەفتەدا بووە کە 1،174 هێرش بوون و لە چوارەم هەفتەی شەڕدا ژمارەکان کەم بوونەتەوە بۆ 857  هێرش.
 
ئێستا،  شەڕ پێی ناوەتە هەفتەی پێنجەمەوە و ژمارەی هێرشەکان لە یەکەم رۆژەوە زیادیان کردووە و لە دوایین پەرەسەندن لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە پارێزگای دهۆک کە کاردانەوەی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
 
ژمارەی ‌هێرشەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان
 
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 27ی ئاداری 2026 کۆی هێرشەکان لەناوچە جیاوازەکان تۆمارکراون گەیشتووەتە 89 هێرش و لەو ژمارەیەش 57 هێرشیان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بوون. دابەشبوونی هێرشەکان بەشێوەیەکە کە 14 هێرشیان بۆسەر شاری هەولێر بووە، 18 هێرشیان بۆسەر سنووری قەزای کۆیە بوون، 13 هێرشیان لە سنووری قەزای شەقڵاوە و 12 دانەی دیکەشیان لە سنووری قەزای رەواندز بوون. 
 
لە پارێزگای سلێمانی 22 هێرش تۆمارکراون، بەشێوەیەک کە 8 هێرشیان بۆسەر سەنتەری سلێمانی بوون، 5 هێرشیان بۆسەر سنووری قەزای دووکان بوون، 4 هێرشیان بۆسەر سنووری دەربەندیخان  بوون. هێرشێک بۆسەر کەلار و هێرشێکی دیکە بۆسەر پێنجوێن بووە؛ 3 هێرشیش بۆسەر پارێزگای هەڵەبجە بوون. 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەو رووداوانەی لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران رووی داوە، هەرێمی کوردستان بەژمارەی درۆن و مووشەکەکان نەوەکو هێرشەکان بە  496 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.