حیزبوڵڵای لوبنان: لە 24 کاژێردا 35 هێرشمان کردووەتە سەر ئیسرائیل

رووداو دیجیتاڵ
 
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی رۆژی شەممەدا 35 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی جووڵە و پێگەکانی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنوور و لەناو خاکی فەڵەستیندا کردووە، بە گوتەی خۆیان دیارترینیان کەمینێک بووە لە شارۆچکەی تەیبە.
 
بەپێی زنجیرە راگەیێندراوە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا کە رۆژی شەممە 29-3-2026 بڵاوکراونەتەوە، هێرشەکان بە بەکارهێنانی مووشەک، درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەکی ئاراستەکراو بوون.
 
حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت کاژێر 12:30 بەرەبەیانی شەممە،  کەمینێکیان بۆ هێزێکی پیادەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی "بیدەر فەقعانی" لە شارۆچکەی تەیبە داناوە. بەپێی راگەیێندراوەکە: "ناوچەی کەمینەکە بووەتە گۆڕەپانی کوشتن و ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، ئیسرائیل لەژێر پەردەی دووکەڵ و بە هەلیکۆپتەر سەرقاڵی گواستنەوەی بریندارەکانی بووە."
 
حیزبوڵڵای لوبنان کە لە دووی ئەم مانگەوە لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران شەڕی لە دژی ئیسرائیل راگەیاندووە، لە راگەیێندراوەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە چەندین بنکەی ستراتیژیی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، لەوانە:
 
بنکەی میشار: بنکەی سەرەکیی هەواڵگریی ناوچەی باکوور لە باکووری رۆژهەڵاتی سەفەد.
 
بنکەی دادۆ: بارەگای فەرماندەیی ناوچەی باکووری سوپای ئیسرائیل.
 
بنکەی یەعرا: کە لە رێگەی درۆنی خۆکوژەوە هێرشی کراوەتە سەر.
 
پێگەی رادار: لە شارۆچکەی بەییازە.
 
حیزبوڵڵای لوبنان باس لە "تێکشاندن"ی ژمارەیەک تانکی جۆری "مێرکەڤا" و زرێپۆشی جۆری "نامێرا" دەکات، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی قەنتەرە، دەبڵ و بەییازە، کە بە گوتەی خۆیان زۆربەیان بە مووشەکی ئاراستەکراو بوون و بەشێکیان سووتاون.
 
لە چوارچێوەی ئەو هۆشدارییەی پێشتر دابوویان، حیزبوڵڵای لوبنان چەندین مووشەکی ئاراستەی کۆمەڵگە جوونشینەکانی وەکو مالیکیە، ئەفیفیم، شلومی و نەهاریا کردووە. هەروەها رایانگەیاندووە، رێگرییان لە فڕۆکەیەکی سیخوڕیی ئیسرائیلی لە جۆری (RC12) کردووە لە ئاسمانی بیقاعی رۆژئاوا.
 
حیزبوڵڵای لوبنان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە "بۆ بەرگری لە لوبنان و گەلەکەیەتی و وەڵامێکە بۆ بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
 
ئەو راگەیێندراوانەی حیزبوڵڵا لە کاتێکدان، سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت هاوکات لەگەڵ هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران، لە هێرشەکانیان بۆ سەر حیزبوڵڵا لە قوڵایی لوبنان بەردەوامن.