ئیسرائیل دەڵێ پیشەسازیی سەربازیی ئێران لەنێودەبات و پاسداران دەڵێ هێرش دەکەنە سەر زانکۆ ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لە رۆژئاوای ئاسیا
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە 28ـی ئادار، لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، تاران، کەرەج، قوم، ئیسفەهان، فارس، خوزستان، بووشێهر، ئازەربایجانی رۆژهەڵات، مەرکەزی، قەزوێن، فارس و زەنجان دەیان شوێن بە فڕۆکە و درۆن بۆردوومانکران.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە هەینییەوە تاوەکو شەوی شەممە زیاتر لە 100 ئامانجیان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران بۆردوومانکردووە و بنکەکانی بەرهەمهێنان و هەڵدانی مووشەک، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و یەکە پیشەسازییە سەربازییەکان ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانیان بوون.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بەشی زۆری ئەو شوێنانەی رۆژی شەممە بۆردوومانکراون، شوێنی ناسەربازین و خەڵکی سیڤیل لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا گیانیان لەدستداوە. هەروەها سوپای پاسداران رایگەیاند لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر زانکۆکانی ئێران ، ئەوانیش هێرش دەکەنە سەر زانکۆ ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لە رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا .
رۆژهەڵاتی کوردستان
ئێوارەی شەممە، لەنێو شاری کرماشان سێ شوێنی جیاواز بۆردوومانکران. هەروەها بەرەبەیانی 29ـی ئاداریش، ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران و ئامانجێک لە گەڕەکی (حافزییە)ـی نێو شاری کرماشان بۆمبابارانکرا. بەرپرسانی کرماشان تاوەکو ئێستا هیچیان لەبارەی زیانەکانی هێرشەکانی رۆژی شەممە رانەگەیاندووە.
هەروەها بەرەبەیانی شەممە، لەنێو شاری بروجێردی پارێزگای لوڕستان باڵەخانەیەک بۆردوومانکرا و لە ئەنجامدا بەپێی راگەیێندراوی دەزگای کاروباری کوژراو و بریندارانی شەڕ لە پارێزگای لوڕستان، 9 کەس کوژراون. پێنج لە کوژراوەکان پیاون و چواریشیان ژن و منداڵن. ئەو دامەزراوەیە دەڵێت، هەموو کوژراوەکان خەڵکی سیڤیلن.
ئەو کەسەی لە بروجێرد کراوەتە ئامانج ناوی (عەلی فولادوەند)ـە و لەگەڵ چەند کەسی دیکە، لەنێویاندا کوڕ و کچەکەی کوژراوە.
هیچ زانیارییەک لەبارەی کاری عەلی فولادوەند بەردەست نییە، بەڵام لە هێرشی ساڵی رابردووشدا، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر شوێنی مانەوەی و ئەوکات هاوژینەکەی کوژرا.
تاران و پارێزگاکانی دیکەی ئێران
شەوی شەممە چەند ئامانج لە رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باکووری شاری تاران بۆردوومانکران. دانیشتووانی پایتەختی ئێران، ڤیدیۆی بۆردوومانەکانیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، بە چڕی بۆردوومانی نێو شاری تاران کراوە.
بەپێی راپۆرتی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، دوای کاژێر 9:00ـی شەوی شەممە چەند باڵەخانەیەک لە گەڕەکەکانی (سەعادەتئاباد، مەسعودییە، تێهرانسەر، چیتگەر و سەتارخان) لە ناوچەکانی 2 و 15 و 21 و 22ـی تاران، شوێنێک لە شەقامی (پالیزی) لە ناوەند بەرەو رۆژهەڵاتی شارەکە و هەروەها شوێنێک لە پشت بارەگای سەرەکیی رێکخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران بۆردوومانکراون. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە گەڕەکی مەسعودییە سەربازگەیەک و خانووێک و هەروەها لە شەقامی پالیزیش، باڵەخانەیەکی تەواونەکراو کراونەتە ئامانج.
دوای نیوەڕۆی شەممە لە شەقامی (سابونچی) لە ناوچەکانی 7 و 8ـی تاران، باڵەخانەیەک بۆردوومانکرا. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پایتەختی ئێران رایگەیاندووە، لە هێرشەکەدا ژمارەیەک کەس کوژراون.
پێشنیوەڕۆی شەممەش، شوێنێک لەنێو پارکی (یاسی فاتمی) لە باکووری رۆژهەڵاتی تاران و چەندین ئامانج لە شەقامی (سۆهرەوەردی) و ئوتوبانی (ئەرتەش) و گەڕەکی (مەحەلاتی)ـی بۆردوومانکران.
هاوکات لەگەڵ بۆردوومانکردنی ئەو شوێنانە لەنێو شاری تاران، لە (پارچین، قەڵاح حەسەنخان، شەهریار)ی دەوروبەری تارانیش هێرشکرایە سەر چەند شوێنێکی سەربازی.
لەنێو شار و دەوروبەر و نێو شاری کەرەجیش هێرشکراوەتە سەر چەندین شوێن. دانیشتووانی کەرەج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، شەوی شەممە ناوچەیەکی سەربازی لە باشووری رۆژئاوای شاری تەورێز بە چڕی بۆردوومانکراوە.
هەروەها لە شاری ئیسفەهانیش بە فڕۆکە چەند شوێن بۆردوومانکراون. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، شەوی شەممە بۆ جاری سێیەم لە یەک هەفتەی رابردوودا، وێستگەی سەرەکیی کەمکردنەوەی پاڵپەستۆی گازی ئیسفەهان لە شەقامی (کاوە)ـی ئەو شارە کراوەتە ئامانج. لە شاری ئیسفەهان بنکە سەربازییەکانیش بۆردوومانکراون. دامەزراوەی کاروباری کوژراو و بریندارانی شەڕ لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری شەوی شەممە رایگەیاند، لە بۆردوومانەکانی ئیسفەهاندا سێ سەربازی خەڵکی ئەو پارێزگایە کوژراون.
لە بەیانییەوە تاوەکو درەنگانی شەوی شەممە، چەندین ئامانج لەنێو شار و دەوروبەری شاری بووشێهر لە باشووری ئێران بۆردوومانکران. بە گوتەی جێگری پارێزگاری بووشێهر بۆ کاروباری ئەمنی، 15 شوێن لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە کراونەتە ئامانج و لە هێرشەکاندا چوار کەسی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە.
لە پارێزگای خوزستان، ناوەندێکی پەیوەندییەکان و هەروەها شوێنێکی نزیک لە کۆگەی ئاو لە شاری (هەفتکێل)ـی ئەو پارێزگایە بۆردوومانکران. جێگری پارێزگاری خوزستان بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، ئەو ناوەندەی بۆردوومانکراوە سەر بە رێکخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران بووە و بۆ ناردنی سیگناڵی رادیۆیی و تەلەڤزیۆنی بەکارهاتووە.
لە گوندێکی دەوروبەری شاری خومەین لە پارێزگای مەرکەزی، شوێنێک بۆردوومانکرا. جێگری پارێزگاری مەرکەزی بۆ کاروباری ئەمنی بە میدیاکانی گوتووە، ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە، کێڵگەیەکی چۆلکراوی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە و هێرشەکە زیانی نەبووە.
لە گوندی (نەجەفئاباد) سەر بە شاری قەزوین بە درۆن هێرشکرایە سەر باڵەخانەیەک. میدیاکانی ئێران لە زاری گوتەبێژی ئەنجوومەنی دابینکردنی ئاسایش لە پارێزگای قەزوین نووسیویانە، لە هێرشەکەدا شەش کەسی سیڤیل کوژراون.
نیوەڕۆی شەممە، بنکەیەکی سەربازی لە نزیک فڕۆکەخانەی شاری (بەم) لە پارێزگای کرمان بۆردوومانکرا. جێگری پارێزگاری کرمان دەڵێت، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
بەرەبەیانی شەممە، لە ناوەندی شاری زەنجانیش بە درۆن هێرشکرایە سەر باڵەخانەیەک. جێگری پارێزگاری زەنجان دەڵێت، یەکەیکی نیشتەجێبوون ئامانجی هێرشەکە بووە و لە ئەنجامدا پێنج کەس کوژراون و 13 کەسیش برینداربوون، بەڵام ناسنامەی کوژراو و بریندارەکان رانەگەیێندراوە.
ئیسرائیل هەڕەشەی لەنێوبردنی توانای بەرهەمهێنانی سەربازیی ئێران دەکات
سوپای ئیسرائیل شەوی شەممە بڵاویکردەوە، زیاتر لە 100 ئامانجی سەربازییان لە ئێران بۆردوومانکردووە و بەتایبەت هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک، لانچەرەکانی هەڵدانی مووشەک، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و کۆگەکانی درۆن و مووشەکی ئێران.
لە راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل دا هاتووە، هێرشکردن و زیانگەیاندنی بە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران زیاترکردووە و لە رۆژانی داهاتوودا، هێرش دەکەنە سەر تەواوی بەشە گرنگ و کاریگەرەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئێران بە ئامانجی لەنێوبردن و لاوازکردنی توانای بەرهەمهێنانی سەربازیی ئێران.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی حکومیی ئێران دەڵێن، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا زیاتر شوێنی ناسەربازی دەکرێنە ئامانج. هەروەها سوپای پاسداران رایگەیاند لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر زانکۆکانی ئێران ، ئەوانیش هێرش دەکەنە سەر زانکۆ ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لە رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا .
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئاماری رێکخراوی مانگی سووری ئێران کە رۆژی شەممە بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای شەڕەوە 93 هەزار و 233 یەکەی ناسەربازی کراونەتە ئامانج. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە پارێزگای تاران، 31 هەزار و 562 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی بۆردوومانکراون.