حوسییەکان: بە مووشەکی کرووز و درۆن پێگە هەستیارەکانی ئیسرائیلمان پێکا


رووداو دیجیتاڵ

گرووپی حوسییەکانی یەمەن، بەرپرسیارێتیی خۆیان لە  دووەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند و دەڵێن، هێرشەکە بە مووشەکی کرووز و درۆن کراوە.
 
شەوی شەممە، 28-3-2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، لە راگەیێندراوێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی شەڕی جیهادی پیرۆزدا، دووەم ئۆپەراسیۆنی سەربازییمان بە کۆمەڵێک مووشەکی کرووز و درۆن کرد و پێگە هەستیار و سەربازییەکانی دوژمنی زایۆنیمان لە باشووری فەڵەستینی داگیرکراو پێکاوە."
 
یەحیا سەریع جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجەکانی بە سەرکەوتوویی پێکاوە و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم جووڵانە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە لەگەڵ "بەرەی موقاوەمە" لە ناوچەکە بۆ پشتیوانیکردنی فەڵەستین، عێراق، لوبنان و ئێران.
 
گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان هۆشداریی دا و گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکانمان لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن، تاوەکو ئەو کاتەی دوژمن هێرش و دەستدرێژییەکانی رادەگرێت."
 
هەر رۆژی شەممە، حوسییەکان یەکەم ئۆپەراسیۆنی خۆیان لە دوای هەڵگیرسانی شەڕەکە بە کۆمەڵێک مووشەکی بالیستی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل راگەیاندبوو. سەریع هۆکاری ئەو هێرشانەی بۆ "کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی ئیسرائیل دژی براکانمان لە لوبنان و ئێران و عێراق" گەڕاندەوە.
 
پێشتر و لە رۆژی هەینیشدا، گرووپەکە هۆشداریی دابووە ئەمریکا و ئیسرائیل کە "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە" بۆ دەستوەردانی راستەوخۆ، ئەگەر بێت و هەر هاوپەیمانییەکی نوێ دژی تاران پێکبهێنرێت یان دەریای سوور بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت.
 
لە 28ی شوباتی رابردووەوە، شەڕێکی فراوان لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە هەڵگیرساوە. ئەو شەڕە کە بە هێرش بۆ سەر تاران دەستیپێکرد، بووە هۆی کوژرانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنیی ئەو وڵاتە.