عومان داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عومان داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەکات، دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی "هێرشە ترسنۆکانەکانی" سەر ئەو وڵاتەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە خاینانە و ترسنۆکانەی ئەمدواییەی سەر سوڵتاننشینی عومانی نەگرتووەتە ئەستۆ، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە و پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی پشت ئەو هێرشانە."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عومان وێڕای سەرکۆنەکردنی شەڕی ئێستا و هەموو جۆرە توندوتیژی و هێرشە سەربازییەکانی سەر وڵاتانی ناوچەکە، جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، "عومان پابەندە بە بنەما جێگیرەکانی خۆی لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی 'بێلایەنیی چالاک' و داوای چەسپاندنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەکات."
هەروەها عومان داوا دەکات کۆتایی بە شەڕی ئێستا بهێندرێت و لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسی، "بۆئەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ کێشە و ململانێکانی ناوچەکە بدۆزرێتەوە و دەستکەوتەکان و ئاسایشی گەلان بپارێزرێن."
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە و مانگێکە بەردەوامە.