ئیسرائیل 22 کۆمەڵگەی نوێی جوونشینەکان لە کەناری رۆژئاوای فەلەستین دروست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل دروستکردنی 22 کۆمەڵگەی نوێی جوونیشینی لە کەناری رۆژئاوای فەلەستین راگەیاند، ئەمە لەکاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەمیشە ئەو کۆمەڵگایانە وەک هەنگاوێکی نایاسایی و یەکێک لە کۆسپە سەرەکییەکانی بەردەم ئاشتییەکی هەمیشەیی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان تەماشای کردووە.
بڕیاری دروستکردنی کۆمەڵگەکان لەلایەن هەریەک لە وەزیری دارایی بێتسەلێل سمۆتریچ، کە وەزیرێکی راستڕۆی تووندڕۆ و لە یەکێک لەو کۆمەڵگەیانەش ژیانی بەسەربردووە لەگەڵ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کە لە هەمان کاتدا بەرپرسی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکانە، راگەیێندرا.
سمۆتریچ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی ئەو پلانە نوێیەی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە، نووسیویەتی "ئێمە بڕیارێکی مێژووییمان داوە بۆ پەرەپێدانی نیشتەجێبوونەکان: 22 کۆمەڵگەی نوێ لە یەهوودا و سامیرە [کەناری رۆژئاوا]، دروست دەکەین، ئێمە خاکێکی بیانیمان نەگرتووە، بەڵکو میراتی باوباپیرانمانە."
نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان رایانگەیاندووە، لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە لە ئۆکتۆبەری 2023ـوە، ئیسرائیل دروستکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکانی لە ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا، فراوانتر و خێراتر کردووە. کەناری رۆژئاوا لە ساڵی 1967ـەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.
لەبارەی ئەو هەنگاوە نوێیەی ئیسرائیل، رێکخراوی گرووپی "ئاشتی ئێستا"، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "حکومەتی ئیسرائیل چیدیکە خۆی بە جۆرێکی تر نیشان نادات: لکاندنی خاکە داگیرکراوەکان و فراوانکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان ئامانجی سەرەکییەتی و فراوانکردنی ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی خێرا لە کەناری رۆژئاوا، پرۆسەی داگیرکارییەکە قووڵتر دەکاتەوە."
لەبارەی ئەو پلانەی ئیسرائیل، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە دەڵێت، "ئەم دەستپێشخەرییە، رووخساری ناوچەکە دەگۆڕێت و داهاتووی نیشتەجێبوون لەو ناوچەیە بۆ ساڵانی داهاتوو دادەڕێژێت."
لەسەر هەژماری فەرمیی تێلیگرامیش، پارتی لیکودی راستڕۆی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەم هەنگاوەی بە "بڕیاری سەدە" ناوبرد.
بەگوێرەی پلانەکە؛ چوار لە کۆمەڵگە نوێیەکان لە سنووری رۆژهەڵات لەگەڵ ئوردن دەبن، وەک بەشێک لە بەهێزکردنی پشتێنەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئیسرائیل، ئاسایشی نیشتمانی و زاڵبوونی دەسەڵاتی ستراتیژی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا.
بڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممەی حکومەتی ئیسرائیل لەپێش بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دێت کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا و سعودیە بەڕێوەبچێت. ئامانج لەو کۆنفرانسە زیندووکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەتییە بۆ ناکۆکییە لەمێژینەکەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینە.