میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، نەتەنیاهوو بە پلانەکەی ویتکۆف بۆ ئاگربەستی غەززە رازییە
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەو پێشنیازە رازیبووە کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکاوە بۆ ئاگربەستی غەززە خراوەتەڕوو. حەماسیش دەڵێت پێداچوونەوەی بۆ دەکات.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز و چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی ئیسرائیلی رایانگەیاند، نەتەنیاهوو پلانەکەی پەسند کردووە.
ویتکۆف گەشبینیی خۆی بە نزیکبوونەوەی ئاگربەست راگەیاندووە.
حەماسیش لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، پێشنیازەکەی پێگەیشتووە و "بە بەرپرسیارێتییەوە و بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و بەدیهێنانی ئاگربەستی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە، خوێندنەوەی بۆ دەکەین."
میدیای ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی ئیسرائیل بە پێشنیازەکە رازییە. چاوەڕواندەکرێت هەردوو لا لە ماوەی 24 کاژێردا وەڵامی ویتکۆف بدەنەوە.
بە گوێرەی پلانەکەی ویتکۆف، بۆ ماوەی 60 رۆژ شەڕ دەوەستێنرێت. لە رۆژانی یەکەم و حەوتەمی ئاگربەستدا، حەماس 10 بارمتەی زیندوو و تەرمی 18 مردوو رادەستی ئیسرائیل دەکاتەوە.
لە هەمان کاتدا، بە یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتی دەست بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خەڵکی غەززە دەکرێت.
پلانەکە هەروەها دەڵێت، ئیسرائیل لە یەکەم رۆژەوە، هەموو هێرش و جموجووڵێکی سەربازی لە کەرتی غەززە دەوەستێنێت.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کەناڵ 13ـی ئیسرائیل راگەیاندووە: "بە پێشنیازەکەی ویتکۆف رازین و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسدایە."
بە گوێرەی رەشنووسی پێشنیازەکەی ویتکۆف کە لە لایەن کەناڵی عەرەبییەی سعودیە بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پابەندکردنی لایەنەکان بە ئاگربەست "جیدییە"، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئیسرائیل ئاگربەستێکی دوو مانگەی شکاند.
رەشنووسەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا، میسر و قەتەر دەبنە گەرەنتیکاری ئاگربەستەکە.
هەروەها لە یەکەم رۆژی ئاگربەستەوەکەوە، چاودێریی جموجووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکرێت، هاوکات گفتوگۆی ئاگربەستی هەمیشەیی دەستپێدەکات.
لە رۆژی دەیەمی ئاگربەستەکەدا، حەماس زانیاریی تەواوی بارمتەکانی دیکە ئاشکرا دەکات.
رادەستکردنەوەی بارمتەکانیش، پێچەوانەی رابردوو، بێ هیچ رێوڕەسمێک دەبێت.