رووسیا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە "سزای بەکۆمەڵ"ـی خەڵکی سڤیل وەسف دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززەی بە "سزای بەکۆمەڵی دانیشتووانی سڤیل" وەسف کرد، ئەمەش یەکێکە لە تووندترین رەخنەکانی مۆسکۆ لە ئیسرائیل لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی چڕتر کردووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەکانی لە ناوچەکەدا چڕکردووەتەوە و دەڵێت، ئەمە هەوڵێکی نوێیە بۆ لەنێوبردنی بزووتنەوەی حەماس، کە هێرشەکەی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 شەڕەکەی هەڵگیرساند.
رۆژی پێنجشەممە 29-05-2025، لاڤرۆڤ لە کۆڕبەندێکدا گوتی: "ئەوەی لە غەززە روودەدات، نە لێی تێدەگەین نە وەسف دەکرێت. ئەو رێوشوێنانەی ئیسرائیل گرتوویەتییەبەر، سزای بەکۆمەڵی دانیشتووانی سڤیلە."
رووسیا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی نەریتی پەیوەندییەکی گەرمیان هەبووە – نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ئیسرائیل بە زمانی رووسی قسە دەکەن و مۆسکۆ ساڵانێکە هەوڵیداوە پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ هەموو زلهێزە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بپارێزێت.
هەردوو وڵات هەروەها هاوئاهەنگییەکی نزیکی سەربازییان لە سووریا هەیە، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا خۆی لە رەخنەی تووند لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەدوور گرتووە و نەچووەتە پاڵ سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ، بەڵام لەگەڵ هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا، رووسیا خەریکی پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکانیەتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
لاڤرۆڤ گوتی: "ئێمە، لەگەڵ دۆستە عەرەبەکانمان و زۆرینەی رەهای وڵاتانی دیکە، پێداگیری دەکەین کە دەبێت دەستبەجێ خوێنڕشتن بوەستێت."