سوپاسالاری ئێران: گومانمان لە پابەندبوونی دووژمن بە ئاگربەستەوە هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

سوپاسالاری ئێران دەڵێت: ئەگەر دەستدرێژی بکرێتە سەر وڵاتەکەیان ئامادەن بە تووندی وەڵام بدەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەی لەگەل خالد بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە کرد و رایگەیاند: "ئێمە گومانمان هەیە لە پابەندبوونی دووژمن بە بەڵێنەکانی، لەوانەش ئاگربەست، ئامادەین وەڵامێکی تووندی بدەینەوە ئەگەر دەستدرێژییەکە دووبارە بکاتەوە."
 
عەبدولڕەحیم موسەوی گوتی: "ئەمریکا و ئیسرائیل نیشانیان داوە پابەندی هیچ یاسا و رێسایەکی نێودەوڵەتی نین و ئەمەش لە شەڕی سەپێنراو بەسەر ئێراندا لە 12 رۆژدا بۆ جیهان سەلمێندرا."
 
جەنگەکە بەرەبەیانی رۆژی 13ـی مانگ بە هێرشی ئیسرائیل دەستیپێکرد و دواتریش ئێران وەڵامی دایەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، دوای 12 رۆژ لە جەنگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی شەڕی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیاند، بەڵام مووسەوی گومانی هەیە ئاگربەستەکە بەردەوام بێت و گوتی: "ئێمە دەستپێشخەری شەڕەکە نەبووین، بەڵکو بە هەموو توانامانەوە وەڵاممان دایەوە. ئێمە گومانێکی تەواومان هەیە لە پابەندبوونی دووژمن بە بەڵێنەکانی، لەوانەش ئاگربەست."
 
خالد بن سەلمان رایگەیاند، حکومەتی سعودیە تەنیا بە سەرکۆنەکردنی هێرشەکان نەوەستا، بەڵکو بە گوتەی خۆی هەوڵی زۆری دا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.