کۆنفرانسێک لەبارەی چارەنووسی کامپی هۆل لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
مانگی داهاتوو لە ئەمریکا کۆنفرانسێکی تایبەت بە چارەنووسی کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرشتیی عێراق دەکرێت. یەکێک لە بەشدارانی کۆنفرانسەکە دەڵێت: "باسی ئەزموونی عێراق لە گەڕانەوەی خێزانەکان و داخستنی کامپەکە دەکرێت."
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆنفرانسەکە لە 26ی ئەیلوول لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بە سەرپەرشتیی عێراق دەکرێت، سەرۆککۆمار، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، نوێنەرانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دژ بە داعش و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەندێک لە وڵاتان بەشداری تێدا دەبن."
کەمپی هۆل کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە، زۆرینەی ئەو کەسانەی لەو کامپە کەسوکاری چەکدارانی داعشن.
عەلی جەهانگیر، کە بەشداری لەو کۆنفرانسە دەکات، رایگەیاند: "کۆنفرانسەکە بۆ تاوتوێکردنی سوودبینینە لە ئەزموونی عێراق لە گواستنەوەی هاووڵاتییانی لە کامپەکە، هەروەها هەنگاونان بەرەو داخستنی کامپەکە."
لە ساڵی 2021ـەوە گەڕانەوەی کەسوکاری چەکدارانی عێراق لە کامپی هۆل بۆ عێراق دەستیپێکردووە، تائێستا 18 هەزار عێراقى لە کامپى هۆل گەڕێندراونەتەوە و پێنج هەزاریشیان لە کامپەکە ماون.