چیرۆکی ئەو پەرلەمانتارە ئایسلاندییەی بووە هۆی ئازادکردنی توێژەرە ئیسرائیلییەکە لە عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

بیرگیر تۆرارینسن، پەرلەمانتاری پێشووی ئایسلاند پیاوی پشت ئازادکردنی ئیلیزابێت تسورکۆڤ، توێژەری ئیسرائیلی - رووسییە. ئەو بە بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی و پێگەی بێلایەنیی وڵاتەکەی، دوای دوو ساڵ هەوڵدانی بەردەوام توانیی گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق رازی بکات ئەو بارمتە ئازاد بکەن.
 
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە بێدەنگی کار کراوە و کۆمەڵێک بەرپرس و رێکخراوی ناحکومیی جۆراوجۆر کۆبوونەتەوە بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی ئیلیزابێت تسورکۆڤ، ئەو توێژەرە ئیسرائیلی - رووسییەی لە ساڵی 2023 لە عێراق لەلایەن گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵاوە رفێندرا و لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئازاد کرا.
 
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، کاربەدەستانی عێراقی و بەرپرسانی ئیسرائیلی رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە ئازادکردنی تسورکۆڤ، بەڵام هاوکارییە سەرەکییەکە لە شوێنێکی چاوەڕواننەکراو و دوورەوە بوو، ئەویش ئایسلاند بوو.
 
بیرگیر تۆرارینسن، پەرلەمانتارێکی پێشووی ئایسلاند و سەرۆکی لیژنەی کاروباری سیاسی و ئاسایش لە رێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەورووپا، سەردانی هەریەک لە وڵاتانی عێراق و ئێرانی کرد تاوەکو هاوکار بێت لە ئازادکردنی خوێندکارە دکتۆراکەی زانکۆی پرینستنی ئەمریکا، تەنانەت رۆڵی سەرەکیی هەبوو لە رازیکردنی ئەو گرووپەی بە بارمتە گرتبووی، تاوەکو ئەو خانمە توێژەرە ئازاد بکەن.
 
"کۆبوونەوەیەکی چاوەڕواننەکراو"
 
ئیلیزابێت تسورکۆڤ لە کۆتایی مانگی ئازاری 2023 دیارنەما. ئەمەش لە کاتێکدا بوو، توێژینەوەی بۆ تێزی دکتۆراکەی لەسەر بزووتنەوە شیعییەکان لە عێراق دەکرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو ئافرەتە پاسپۆرتە رووسییەکەی بەکارهێناوە بۆ چوونە نێو خاکی عێراقەوە، چونکە ئیسرائیل و عێراق پەیوەندیی دیپلۆماسییان نییە.
 
ئامانجی سەردانەکەی تسورکۆڤ بۆ عێراق توێژینەوە بووە لەسەر گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران، بەتایبەتییش بزووتنەوەکەی موقتەدا سەدر.
 
بەگوێرەی پرۆفایلی ماڵپەڕە تایبەتییەکەی، پێشتر تسورکۆڤ کاری مەیدانیی لە سووریا، عێراق، ئوردن، تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کردووە، لە رابردووشدا چەند جارێک سەردانی عێراقی کردووە.
 
ئەو توێژەرە ئیسرائیلی – رووسییە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە بە بارمتە گیرا، کە بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەو گرووپە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری و بودجەی بۆ دابین دەکرێت و گرووپەکە تسورکۆڤ-یان بەوە تۆمەتبار کردبوو، ئەو سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل کردووە، تۆمەتێک ئیسرائیل و خێزانەکەی رەتیانکردووەتە.
 
تۆرارینسن لە نیسانی 2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن دی سی قسە لەگەڵ خوشکی تسورکۆڤ، بەناوی ئێما دەکات و لەوێ ئێما رەخنەی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرت بەوەی هەوڵی جیدیی نەداوە بۆ ئازادکردنی خوشکەکەی.
 
ئێما تسورکۆڤ لەکاتی بەڕێوەچوونی سیمینارێکدا لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک لە پایتەختی ئەمریکا، رووبەڕووی سوودانی بووەوە و هاواری کرد، "ئەو لە وڵاتی ئێوە بارمتەیە. ئێوە هیچ شتێکتان نەکردووە بۆ ئازادکردنی و ناتوانن، چونکە ئەوان [کەتائیبی حیزبوڵڵا] هاوبەشی حکومەتەکەی ئێوەن، کارمەندی حکومەتی عێراقین و دەبێت شەرم لە خۆتان بکەن، هیچ کارێکتان نەکردووە بۆ هاوکاریکردنی و ئازادکردنی."
 
"ئەو بێتاوانە و ئێوەش دەزانن"
 
تۆرارینسنیش لەو سیمینارەدا ئامادە بوو. ئەو لەدوای سیمینارەکە داوای لە ئۆرلی ناسچیتس، کونسوڵی فەخریی ئایسلاند لە ئیسرائیل کرد، بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێمای خوشکی ئێلیزابێت.
 
دوای دەستکەوتنی ژمارەی مۆبایلەکەی، ئەو سیاسەتڤانە ئایسلاندییە، لە پێوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە ئێما رادەگەیێنێت، ئامادەیە لە کەیسی خوشکەکەی کار بکات و پەیوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئازادکردنی.
 
ئەو ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا هەیە لەو کاتەی لە ئەنجوومەنی ئەورووپا سەبارەت بە کاروباری پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران دا کاری کردووە. ئێما-ش ئۆفەرەکەی ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی ئایسلاندا قبووڵ دەکات و دواتر پەیوەندیی بە میکی بێرگمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی گلۆباڵ ریچ رێکدەخەن، کە ئەو رێکخراوە دەزگایەکی ئەمریکییە و تایبەتە بە هاوکاریکردنی کەسوکاری بارمتەکان لە سەرانسەری جیهان.
 
لە مانگی تەممووزی 2024دا، تۆرارینسن لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، لەگەڵ عەلیڕەزا یوسفی، باڵیۆزی ئێران لە نەرویج کۆبووەوە، دواتر پەیوەندییەکانیان تووندوتۆڵ دەبێت و بە فەرمی بانگهێشتی تۆرارینسن دەکات بۆ ئامادەبوون بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەکو سەرۆکی ئێران لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە 30ی تەممووز.
 
دوو رۆژ پێش رێوڕەسمەکە، تۆرارینسن لە تاران لەگەڵ ئیبراهیم عەزیزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران و مەجید نیلی ئەحمەدئابادی، جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری کاروباری ئەورووپا کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆرارینسن، ئەحمەدئابادی پێشنیازی رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ نوێنەری ئێران لە عێراق لە بەغدا کردووە بۆ بەدواداچوون بۆ کەیسی ئیلیزابێت تسورکۆڤ.
 
دواتر هەر لەو سەردانەیدا، تۆرارینسن کۆبوونەوەیەکی کورتیشی لەگەڵ هەریەک لە سوودانی و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە تاران کردووە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی کەیسەکە و رێککەوتن لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە بەغدا کۆببنەوە.
 
ئەو لەبارەی ئەو کۆبوونەوانە دەڵێت، "لەکاتی دەستپێشخەرییە سەرەتاییەکاندا، پێمڕاگەیێندرا ئیلیزابێت هێشتا زیندووە."
 
کاتێک تۆرارینسن رۆژێک دوای رێوڕەسمەکە تارانی جێدەهێشت، تەقینەوەیەک میوانخانەی سوپای پاسدارانی لە تاران هەژاند. دواتر دەرکەوت، ئیسرائیل ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی حەماسی کوشتووە.
 
بەهۆی ئەو هێرشەوە، بە گوتەی تۆرارینسن، کۆبوونەوەکەی بەغدا هەرگیز رێکنەکەوت و نەکرا.
 
بەڵام تۆرارینسن بەردەوام بوو لە هەوڵەکانی و مانگێک لەدوای سەردانەکەی بۆ تاران، شاندێکی پەرلەمانی بۆ عێراق رێکخست لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئیسپانیا، قوبرس و بەریتانیا بۆ باسکردنی کەیسی ئیلیزابێت لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی.
 
بەڵام جەنگ رێگر بوو لەو هەوڵانەش. ئیسرائیل بە شێوەیەکی دراماتیکی شەڕی دژی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ئەیلوولی 2024دا دەستپێکرد، ئەمەش لەڕێگەی تەقاندنەوەی هەزاران پەیجەر و وۆکی تۆکی، هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ ناوچەکانی باشووری لوبنان و کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمنیداری گشتیی حیزبوڵڵا، ئەمەش گەشتی شاندە ئەورووپییەکەی بۆ عێراق هەڵوەشاندەوە.
 
دواتر تۆرارینسن و ئێمای خوشکی  ئیلیزابێت لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 لە شاری لاس ڤێگاس جارێکی دیکە یەکتریان بینی و هەردووکیان رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندییەکانیان بەردەوام بن.
 
"کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەکە"
 
گرێکوێرەکەی ئەو کەیسە و هەوڵەکانی تۆرارینسن لە نیسانی 2025دا ئەنجامی لێکەوتەوە. ئەو ئەوکاتە لە شاری هەولێر، لەگەڵ حەسەن سەکە، چالاکڤانی عێراقی-کەنەدی کە پەیوەندیی سیاسیی قووڵی لە عێراقدا هەیە، کۆبووەوە.
 
دواتر سەکە، ئەو سیاسەتڤانە ئایسلاندییە دەباتە لای راوێژکارێکی عەممار حەکیم، سەرۆکی پارتی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق. کۆبوونەوەیەکیان لە بەغدا بۆ مانگی ئایار رێکخست، کە 70 خولەکی خایاند. بە گوتەی تۆرارینسن، ئەو داواکاریی بارمتەی 200 ملیۆن دۆلاری کەتائیبی حیزبوڵڵای لەگەڵ حەکیم باس کرد، کە بە نالۆژیکیی زانی.
 
تۆرارینسن گوتی، "عەمار حەکیم دڵنیایی پێداین لە پابەندبوونی بە چارەسەرکردنی کەیسەکە و رایگەیاند، هەر ئەو ئێوارەیە پرسەکە لەگەڵ سوودانی سەرۆکوەزیران باس دەکات."
 
بەپێی یاداشتەکانی کۆبوونەوەکەی تۆرارینسن، حەکیم پێیڕاگەیاندووە، "کەیسەکە بابەتێکی ئاسایشی نیشتمانییە بۆ عێراق. عێراقییەکان نیگەرانن، ئەو کەیسە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بونیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق دەبێت، بەوەی ئیلیزابێت بۆ ماوەیەکی زۆرە لە عێراق دەستبەسەر کراوە. ئەمە کاریگەریی لەسەر ئابووریی عێراقیش دەبێت و پەیامێکی نەرێنی بۆ ئەو سەردانکارانەش دەنێرێت کە خوازیارن سەردانی عێراق بکەن."
 
حەکیم ئاماژەی بەوەش دا، کردووە رووداوەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، ئەرکی ئازادکردنی تسورکۆڤی زۆر قورستر کردووە و دەڵێت، "ئەو کێشە بە خێرایی چارەسەر دەبوو، ئەگەر هێرشەکەی حەماس و جەنگی لوبنان نەبوایە."
 
حەکیم لە درێژەی قسەکانیدا بۆ تۆرارینسن دەڵێت "ئەمریکا وەڵامێکی ئەرێنیی دایەوە" بۆ داواکاریی کەتائیبی حیزبوڵڵا بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییان، کە زیندانییانی لوبنانی و فەلەستینیی لەخۆگرتبوو، بەڵام بیرۆکەی پێدانی پارەی بەرامبەر بە ئازادکردنی بارمتەکان رەتکردەوە.
 
تۆرارینسن لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە ئاماژەی بەوە کردووە، "یارمەتیدەر بوو بۆ چارەسەری کۆتایی."
 
حەکیم بە تۆرارینسنیشی راگەیاندووە، دانوستاندنکارانی ئەمریکا هەڵەیەکیان کردووە بە هەڕەشەکردن "بە سووتاندنی عێراق" ئەگەر تسورکۆڤ لە ماوەی 48 کاژێردا ئازاد نەکرێت. تۆرارینسن دەڵێت، "ئەمە هەڵەیەکی گەورەی شاندی ئەمریکا بوو. دیار بوو بەڕێز حەکیم زۆر تووڕە بوو. پێموایە ئەمە بووە هۆی دواکەوتنی چەندین مانگ لە ئازادکردنی ئیلیزابێت."
 
هەروەها لە بەغدا لەگەڵ رایان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن، کۆبووەوە. کلدانی، کە لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە بە تۆمەتی ئەوەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی کردووە. لەگەڵ ئەوەش، ئەو کەسێکی نزیک بوو لە ئەبو مەهدی موهەندیس کە لە ساڵی 2020 لەلایەن ئەمریکاوە لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدا کوژرا.
 
کلدانی، ئامۆژگاریی تۆرارینسنی کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئێران کاریگەریی لەسەر پرسەکە هەیە و پێیڕاگەیاند، رفاندنی ژنێک "بێڕێزییە."
 
کلدانی پێی گوتووە، "ئەمریکا زیاتر لە ئیسرائیلییەکان حەزی لەم کەیسە بوو. پێویستمان بە کاراکتەری جیددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی." ئەو سەرکردە کریستیانە گلەیی لە واشنتنیش کردووە بەوەی، سست بوون لەو کەیسەدا و دەبێت پەیوەندی بە ئیماراتەوە بکەن بۆ پێکهێنانی تیمێکی دانوستاندن.
 
"رازیکردنی کەتائیبی حیزبوڵڵا"
 
لە 5ی ئایاردا، تۆرارینسن لەلایەن راوێژکارەکەی عەمار حەکیمەوە ئاگادارکرایەوە، حەکیم توانیویەتی کەتائیبی حیزبوڵڵا رازی بکات بە تەواوی واز لە داواکاریی پارە بەرامبەر بە ئازادکردنی ئیلزابێت بهێنن.
 
تۆرارینسن دەڵێت، "ئەو کۆبوونەوەیە سەرکەوتنێکی گەورە بوو. ئەمە پەرەسەندنێکی چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام گرنگ بوو. بێ وازهێنان لەو داواکارییە، پێموایە ئازادکردنەکە مەحاڵ دەبوو، چونکە هەردوو ئەمریکا و ئیسرائیل رەتیانکردووەتەوە بیدەن. بۆیە ئەوە پێشکەوتن بوو."
 
دوایین بەشداریی تۆرارینسن لەو کەیسەدا لە 28ی ئابدا بوو، کاتێک ئێما پەیوەندیی پێوە کرد بۆ راوێژکردن لەسەر ئەگەری ئاڵوگۆڕی ژمارەیەک زیندانی، کە رەنگە ئیلیزابێت تێیدا ئازاد بکرێت و ئەویش ئەو پێشهاتەی بە عەمار حەکیم گەیاند.
 
لە 9ی ئەیلوولدا، دوای 903 رۆژ لە دەستبەسەرکردن، ئیلیزابێت تسورکۆڤ ئازادکرا.
 
سەرچاوەکان بە ژمارەیەک میدیای عەرەبییان راگەیاند، ئازادکردنەکە دوای ئەوە هاتووە، کاتێک حکومەتی عێراق، گوشارەکانی بۆسەر کەتائیبی حیزبوڵڵا چڕتر کردووەتەوە، لەدوای هۆشدارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری ئازادنەکردنی تسورکۆڤ.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، تسورکۆڤ لەکاتی ئازادکردنی براوەتە شوێنێک لە بەغدا و نزیکەی چوار کاژێر لەوێ بە تەنیا جێهێڵدراوە تاوەکو بەرپرسانی عێراقی، کە پێیانڕاگەیاندبوو لە کوێیە. پاشان براوەتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لەوێشەوە بە فڕۆکە براوەتە یۆنان و پاشان بۆ ئیسرائیل.
 
تۆرارینسن پێیوایە ناسنامەکەی وایکرد رۆڵێکی کاریگەری هەبێت لەو کەیسەدا و دەڵێت، "پێموایە پێگەم و کەسایەتیم وەکو ئایسلاندییەک کە هیچ دووژمنێکی نییە، رۆڵێکی گرنگ و بێلایەنم پێدەدات بۆ کارکردن و گفتوگۆکردن. بۆیە ئەم پاشخانە بێلایەنەی هەمە، رێگەی پێدام ئەو رۆڵەم هەبێت."