لە چوار رۆژی ئاگربەستدا ئیسرائیل 133 فەلەستینی دەستگیر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵەی زیندانییانی فەلەستینی رایگەیاند، لە چوار رۆژی ئاگربەستدا ئیسرائیل 150 بەندکراوی ئازادکردووە، بەڵام 133 کەسی دیکەی بەندکردووە. هەروەها دەڵێت، "لە رۆژێکی ئارامدا 15 بۆ 20 کەس لە رۆژهەڵاتی قودس و کەرتی رۆژئاوا دەستگیردەکرێن." بەپێی گرووپێکی سەر بە زیندانییانیش، ئیسرائیل لە دوای شەڕەوە هەزار و 290 کەسی دەستگیرکردووە.
رۆژی سێشەممە، 29-11-2023، کۆمەڵەی زیندانییانی فەلەستینی رایگەیاند، "لە چوار رۆژی ئاگربەستدا، ئیسرائیل 150 فەلەستینی ئازادکرد بەڵام لە رۆژهەڵاتی قودس و کەرتی رۆژئاوا 133 کەسی دیکەی دەستگیرکردووە."
ئەمانی سەراحنە، گوتەبێژی کۆمەڵەی زیندانییانی فەلەستینی بە میدیای قەتەری گوتووە، "تا داگیرکردن بمێنێت، دەستگیردکردن بەردەوام دەبێت. دەبێت خەڵک لەوە تێبگەن، چونکە ئەوە سیاسەتی داگیرکردنە لە دژی خەڵکی فەلەستین بۆ سنووردارکردنی هەموو جۆرە بەرگرییەک."
خانمە گوتەبێژەکە هەروەها گوتی، "ئەوە کارێکی رۆژانەی ئەوانە، نەک هەر تەنیا لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە. ئێمە لە راستییدا پێشبینیی دەکەین خەڵک لە رۆژانی ئاگربەستدا زیاتر دەستگیر بکرێن."
لەبارەی ژمارەی دەستگیرکراوەکاندا، سەراحنە رایگەیاند، لە رۆژێکی ئارامدا 15 بۆ 20 کەس دەستگیردەکرێن، زۆربەی هەڵکوتان و دەستگیرکردنەکانیش بە شەون.
بە گوێرەی گوتەبێژی کۆمەڵەی زیندانییانی فەلەستینی، ئیسرائیل هیچ گەرەنتییەکی نەداوە کە ئایا ئەو بەندکراوانەی ئازادکراون، دەستگیر دەکرێنەوە یان نا. "هیچ دڵنیاییەکمان لە داگیرکردن نییە، ئەوانەی ئازادکراون بۆیان هەیە لە هەر خولەکێک دووبارە دەستگیربکرێنەوە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە ئەوانەی ئێستا گیراون پێشتر ئازادکرابوون."
گرووپی پارێزەران و چاودێرانی زیندانییانی فەلەستینی رایگەیاندووە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، سێ هەزار و 290 کەس لە رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم و کەرتی رۆژئاوا دەستگیرکراون.
سارا فرانسیز، سەرۆکی گرووپی مافی زیندانییانی زەمیر، رۆژی 21-10-2023 رایگەیاند، ئیسرائیل لە دوو هەفتەدا ژمارەی زیندانییەکانی لە پێنج هەزار و 200 کەسەوە بۆ 10 هەزار کەس بەرزکردووەتەوە.
رۆژی 7-10-2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی راگەیاند و هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، رۆژێک دواتر ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ی راگەیاند و لە 51 رۆژی شەڕدا، لانیکەم 15 هەزار کەس لە فەلەستین و هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل کوژران.
رۆژی 24-11-2023 بە نێوەندگیریی قەتەڕ و میسر، ئاگربەستی غەززە دەستیپێکرد و لە ماوەی پێنج رۆژدا حەماس 81 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 180 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردوو. چاوەڕوان دەکرێت، لایەنەکان لەسەر ئازادکردنی بارمتە و بەندکراوی زیاتر بگەنە رێککەوتن.