بەهۆی برسێتی و بێ پارەییەوە، بەشێک لە کچانی یەمەن لە خوار 15 ساڵی بەشوو دەدرێن


رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری تەعیززە لە یەمەن، لەبەر برسێتی و بێ پارەیی کە بەرۆکی خەڵکەکەی گرتووە، ناچارن بۆ سووککردنی باری خێزانەکان، کچەکانیان لە تەمەنێکی زوودا بەشوو بدەن، ئەوەندە زوو کە زۆرجار تەمەنیان تەنیا 12 ساڵە. 
 
ئومنییە سەیف عەلی، قوربانییەکی هاوسەرگیریی پێشوەختەیە، لە بری قەرزەکانی باوکی، ناچار بووە شوو بە کوڕی خاوەن قەرز بکات. 
 
ئومنییە دەڵێت، "کاتێک هاوسەرگیریم کرد تەمەنم تەنیا 12 ساڵ بوو. دواتر سکم پڕبوو و نەخۆش کەوتم. من هاوسەرگیریم کرد، چونکە باوکم قەرزداری کەسێک بوو کە دوو بژاردەی دایە باوکم، دانەوەی پارەکانی یان مارەکردنی من لە کوڕەکەی بۆ ئەوەی قەرزەکانی هەڵبوەشێنێتەوە. من هاوسەرگیرییەکەم قبووڵکرد، چونکە باوکم کێشەی دڵی هەبوو. کاتێک سکم پڕبوو ئازاری زۆرم چەشت و لە کاتی منداڵبوونیش ناڕەحەتیی زۆرم بینی، بەڵام کۆرپەکەم مرد، چونکە شیرم وشکبوو و ئەزموونم نەبوو، نەمتوانی ئاگاداریی بم." 
 
واسیقە عەبدۆ، قوربانییەکی دیکەی هاوسەرگیریی پێشوەختەیە، لە کامپێکی ئاوارەکاندا دەژی، بەهۆی نەبوونی ئەزموون و بچووکی تەمەنییەوە منداڵی یەکەمی لەدەستدا و ئێستاش دایکی کوڕێکە، بەڵام هەژار و بێ خواردنن. 
 
وەکو واسیقە دەڵێت، "کاتێک هاوسەرگیریم کرد تەمەنم 13 ساڵ بوو. لە ماوەی سکپڕییەکەم زۆر خراپبووم. منداڵەکانم هیچ خواردن و شیرێکیان نییە. لە دۆخێکی خراپدام، چونکە هیچ پارەیەکمان نییە بۆ ئەوەی خواردن بکڕین."
 
بەگوێرەی رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، 25%ـی کچانی یەمەن لە تەمەنی 15 ساڵی بەشوو دەدرێن.
 
عەلی سەراری، بەرپرسێکە لە رێکخراوی سیاجی منداڵپارێز و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی ماڵەکان کاسبکارەکانیان لەدەستداوە و دۆخی ئابووریی خراپە، خەڵک پەنایان بۆ بەشوودانی کچەکانیان لە تەمەنێکی منداڵی بردووە، وەکو لە 11 یان 12 ساڵی کە ئەوەش تاوانە. ئەنجامی ئەو هاوسەرگیرییانە ژیانی کچەکان لە کاتی منداڵبوون دەخاتە مەترسییەوە، مافی خوێندن و منداڵێتییان لێ زەوت دەکات و لە مافەکانی منداڵان بێبەشیان دەکات." 
 
بەگوێرەی 'رێکخراوی کچان بووک نین'، 32%ـی کچانی یەمەن پێش تەمەنی 18 ساڵی بەشوو دەدرێن. لە ساڵی 2019ـەوە یەمەن چوار ملیۆن بووکی منداڵی هەبووە کە 1.4 ملیۆن لەو منداڵانە تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ بووە کاتێک شوویان کردووە. زۆرترین ژمارەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە پارێزگاکانی جەوف و بەیزایەن.