تەندروستیی جیهانی: لە غەززە 136 هەزار و 400 کەس تووشی سکچوون بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماری نەخۆشییەکانی نێو پەناگەکانی غەززەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە 424 هەزار و 609 کەس بە نەخۆشیی جیاواز نەخۆش کەوتوون.
 
رۆژی هەینی، 29-12-2023، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرۆسیەس، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لە نێوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم تاوەکو نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم، چەندین نەخۆشی لەنێو پەناگەکانی نێو کەرتی غەززە بڵاوبوونەتەوە."
 
بەگوێرەی سەرۆکی تەندروستیی جیهانی، لەماوەی دوو مانگدا 180 هەزار کەس تووشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان بوون، 136 هەزار و 400 کەس تووشی سکچوویی بوون، 55 هەزار و 400 کەس تووشی ئەسپێ و کێچی سەر بوون، 5 هەزار و 330 کەس تووشی مێکوتە بوون، 42 هەزار و 700 کەس تووشی داخورانی پێست بوون، 4 هەزار و 683 کەس تووشی زەردوویی بوون و 126 کەس تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون.
 
گیبرۆسیەس لە درێژەی بڵاوکراوەکەیدا دەڵێت، ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەبەردەوامی ئاوارەدەبن و روو لە باشووری غەززە دەکەن. هەندێک لە خێزانەکان چەند جارێکە ئاوارە دەبن و لە پەناگەی زۆر قەرەباڵخدا دەژین.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەروەک سەرۆکەکەی نووسیویەتی، لە پاڵپشتییکردنی تیمە تەندروستییەکان ناوەستن و یارمەتی و دەرمانی زیاتریان بۆ دەنێرن. ئەمە جگە لە ناردنی سندووقی پشکنین و دەرمانی زیاتری هەوکردنی جگەر. 
 
هەر ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکان، لانیکەم 21 هەزار و 507 کەس لە ناوچە فەلەستینییەکە کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرە فەلەستینییەکان (ئونروا) رایگەیاند، لەم جەنگەدا، 308 کەس لە پەناگەکانی سەر بە ئاژانسەکە بە بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل کوژراون.
 
هەروەها کۆی گشتیی هەزار و 95 کەسی دیکە لە پەناگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بریندار بوون.