ئیسحاق دار: پاکستان بۆ گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران جێگەی متمانەیە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، ئەمریکا و ئێران متمانەیان بە وڵاتەکەی هەیە بۆ رەخساندنی زەمینەسازی و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان واشنتن و تاران.
 
ئەمە لە راگەیێندراوێکدا هات کە رۆژی یەکشەممە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی پاکستانەوە بڵاوکرایەوە، دوای کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە ئیسلامئابادی پایتەخت کە وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان؛ سعودیە، فەیسەڵ بن فەرحان و میسر، بەدر عەبدولعاتی، لەخۆگرتبوو، لەگەڵ محەممەد ئیسحاق دار.
 
وەزیرە پاکستانییەکە، کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی بە "بەرهەمدار" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، تاوتوێی رێگەکانی کۆتاییهێنانیان بەو شەڕە کردووە کە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڵگیرسا، بەشێوەیەکی "پێشوەختە و هەمیشەیی."
 
محەممەد ئیسحاق دار گوتیشی، کۆبووەکان نیگەرانیی خۆیان لە دەرهاویشتەکانی دۆخی ئێستا دەربڕیوە و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "شەڕ تەنیا مەرگ و کاولکاری بەدواوەیە." روونیشیکردەوە، تاوتوێی ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆیان لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئاباد کردووە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر چەندین پرس کۆک بوون، دیارترینیان پێویستیی کۆنترۆڵکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان. هەروەها رەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان.
 
وەزیرە پاکستانییەکە سوپاسی هاوتا تورکی و سعودی و میسرییەکەی کرد بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی پاکستان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکە.
 
باسی لەوەشکرد، لەم قۆناخەدا بەردەوامن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە متمانەی هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا بە ئیسلامئاباد سەبارەت بە رەخساندنی زەمینە بۆ گفتوگۆکان.
 
ئیسحاق دار، پێشوازیی پاکستانیشی دەربڕی "بۆ میوانداریکردن و خۆشکردنی رێگە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی لەنێوان هەردوولادا لە رۆژانی داهاتوودا، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر و هەمیشەیی بۆ ململانێی ئێستا." 
 
هەروەها ئیسحاق دار گوتی، پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیاجیای لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوە کرد، هەردووکیان پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوانە دەربڕیوە کە پاکستان لەبارەی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران گرتوویەتییەبەر.
 
ئیسلامئاباد، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، میوانداریی "گفتوگۆی چوارقۆڵیی چڕوپڕ" دەکات سەبارەت بە رێگاکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
دووشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە گفتوگۆی "باش و زۆر بەرهەمدار"یان لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە و فەرمانیکردووە بە دواخستنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر وێستگەکانی وزە و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 5 رۆژ، لەکاتێکدا بڕیاربوو رۆژی سێشەممە بکرێن.
 
بەرپرسانی ئێران دواتر لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکایان رەتکردەوە. عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی "بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا" رایگەیاند، ئەمریکا لە ئێران "تێوەگلاوە" و ترەمپ پەنای بۆ سەرکردەی هەندێک وڵات بردووە بۆ دەرچوون لە شەڕەکە.
 
ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ـی شوباتەوە دەستیان بە هێرش بۆ سەر ئێران کردووە و بەهۆیەوە سەتان کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەمنی. لە بەرامبەردا تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیل و ئەمریکا دەداتەوە.