پەرلەمانی ئیسرائیل بودجەی 2026ی پەسندکرد؛ خەرجییە سەربازییەکان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) بودجەی ساڵی 2026ی وڵاتەکەی پەسندکرد. لە بودجە نوێیەکەدا پشکی شێر بۆ کەرتی سەربازی تەرخانکراوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەردەوامیی جەنگ لە چەند بەرەیەکی جیاوازدا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، پڕۆژەیاساکە بە دەنگی 62 ئەندامی پەرلەمان بەرامبەر بە دەنگی 55 ئەندام پەسندکرا. کۆی گشتیی خەرجییەکانی ئیسرائیل بۆ ساڵی 2026 بە نزیکەی 270 ملیار دۆلار (850 ملیار شیکڵ) خەمڵێندراوە.
بەهۆی بەردەوامی جەنگ لە چەندین بەرەوە، حکومەتی ئیسرائیل بڕی 10 ملیار دۆلاری دیکەی بۆ بودجەی وەزارەتی بەرگری زیاد کردووە. بەوەش کۆی بودجەی سەربازیی ئەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 45 ملیار دۆلار، کە ئەمەش دوو هێندەی بودجەی سەربازیی ساڵی 2023 کە جەنگی دەستی پێنەکردبوو.
بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل کە سەر بە باڵی راستڕۆی تووندڕؤیە، ئەم هەنگاوەی بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی" ناوبرد و رایگەیاند: "ئێمە توانای ئەوەمان هەیە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرلەنوێ دابڕێژینەوە. ئەم بودجەیە وڵات دەخاتە سەر رێگەی سەرکەوتن و پێگەی ئیسرائیل بۆ بردنەوەی جەنگ بەهێز دەکات."
پەسندکردنی ئەم بودجەیە تەنیا رەهەندی ئابووری نییە، بەڵکو بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لە مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی و هەڵبژاردنی پێشوەختە رزگارکرد.
بەپێی یاسا، ئەگەر بودجە پەسند نەکرابایە، دەبوو لە ماوەی 90 رۆژدا هەڵبژاردن بکرێت؛ ئەوەش لە کاتێکدایە راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، نەتەنیاهوو رووبەڕووی شکست دەبێتەوە.
ئەم بودجەیە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە یەک کاتدا لەگەڵ ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە شەڕدایە. بەپێی خەمڵاندنەکان، جەنگەکە هەفتانە نزیکەی 1.6 ملیار دۆلار لە لەسەر ئیسرائیل دەکەوێت.
زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان وایکردووە کورتهێنانی بودجە بۆ 5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزببێتەوە، ئەوەش نیگەرانیی لای شارەزایان دروستکردووە کە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و گرانبوونی زیاتری بژێوی.