ئاگرێکی گەورە هەڕەشە لە قودس - ئۆرشەلیم دەکات؛ هەزاران کەس ئاوارە بوون

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەدات، لەوانەیە ئەو ئاگرەی لە ئیسرائیل کەوتووەتەوە، بگاتە شاری قودس- ئۆرشەلیم و گوتی ئەمە "بارێکی لەناکاوی نیشتمانییە."
 
دووکەڵ رێگە سەرەکییەکانی نزیک شاری قودس - ئۆرشەلیم داپۆشیوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کار بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکەن. چەندین کەس بریندار بوون، سوپای ئیسرائیل بۆ یارمەتیدانی تیمەکان سەربازی ناردووەتە شوێنە زیانبەرکەوتووەکان.
 
ئاژانسی فریاگوزاریی دەیڤد مێگان ئادۆم رایگەیاند، ژیانی سەدان کەس، بەهۆی ئەو ئاگرەی کە چەندین ساڵە وێنەی نەبووە، لە مەترسیدایە. ئاژانسەکە رایگەیاند، 23 کەس چارەسەریان وەرگرتووە و 13 کەسی دیکەش رەوانەی نەخۆشخانە کراون. لە نێو بریندارەکان، دوو ژنی دووگیان و دوو کۆرپەی خوار تەمەن یەک ساڵ بوون. ئیسرائیل باری لەناکاوی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردووەتەوە.
 
ئاگرەکەی نزیک قودس - ئۆرشەلیم رۆژی 30ـی نیسان لە دارستانی ئێشتاوۆل لە نزیک گوندی نێڤ شالۆم لە رۆژئاوای شارەکە پەرەیسەند.
 
هۆکاری ئاگرەکە کەشوهەوای گەرم و وشک و بای بەهێزە. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هێشتا لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەگەری ئەوەی کەسێک بە ئەنقەست ئاگرەکەی کردبێتەوە گومانی لەسەرە. هەمان رۆژ، چەندین کەس بە گومانی کردنەوەی ئاگر دەستگیرکران.
 
لە نزیک شاری مۆدین، یوڤال ئەهارۆنیی تەمەن 40 ساڵ گوتی: "زۆر بەداخم. ئێمە دەمانزانی ئەو جۆرە کەشە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر، بەڵام وادیارە بەشی پێویست خۆمان ئامادە نەکردووە، فڕۆکەکانیش لە رشاندنی ئاو بەردەوامن."
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوانەیە ئاگرەکە تاوەکو قەراخ یان تەنانەت بگاتە ناوەوەی شاری قودس - ئۆرشەلیم.
 
نەتەنیاهوو گوتی: "مەرجە ئاگرکوژێنەوەی زیاتر بنێرین. ئەمە بارێکی لەناکاوی نیشتمانییە، بەرگریکردن لە ئۆرشەلیم خاڵی لە پێشینەیە."
 
هەزاران کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە
 
پۆلیسی وڵاتەکە رێگەی سەرەکیی نێوان قودس- ئۆرشەلیم و تەلئەڤیڤی داخست و ئەو کەسانەی لەو دەورووبەرە دەژیان چۆڵیانکرد.
 
یوسف ئارۆن، خوێندکارێکی ئیسرائیلییە و گوتی: "پۆلیس و ئاگرکوژێنەوەیەکی زۆر هاتن، بەڵام ئاگرەکە دەمێک بوو کۆنترۆڵی ناوچەکەی کردبوو."
 
ئێیال کاسپی، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوە گوتی: "بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا، فڕۆکەکانمان ناتوانن بفڕن. ئێستا ئامانجمان ئەوەیە ژیانی خەڵک رزگار بکەین. دەکرێت ئەمە گەورەترین ئاگری ئیسرائیل بێت کە چەندین دەیەیە نەبینراوە."

 

 
پۆلیسی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، هێزیان لە دەورووبەری رێگە سەرەکییەکان و بەرزاییەکانی ئۆرشەلیم/قودس بڵاوەپێکردووە و داوایان لە خەڵک کردووە لەو ناوچەیە دووربن.
 
چەندین شوفێر لەسەر رێگە سەرەکییەکان لە ترسی گیانی خۆیان ئۆتۆمبێلەکانیان جێهێشت. چەندین کۆمەڵگە و گوند لە دووریی 30 کیلۆمەتر لە شارەکە ماڵەکانیان چۆڵکرد.