تورکیا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی 20 هاووڵاتییەکەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی ئیسرائیل درەنگی شەوی 29ی نیسان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا هێرشی کردە سەر کەشتیگەلی جیهانیی سموود؛ لە ئەنجامدا 175 کەسیان دەستبەسەرکرد، لە نێویاندا 20 چالاکڤانی تورک هەن.
لە راگەیێندراوێکی تیمەکانی کەشتیگەلی جیهانیی سموود دا هاتووە، لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە هێرش کراوەتە سەریان و ژمارەیەک لە چالاکڤانیان دەستبەسەرکراون. کەشتییەکە کە بەرەو کەناراوەکانی غەززە بەڕێکەوتبوو، بە شێوەیەکی نایاسایی لە نێو ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە نزیک یۆنان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە رێگری لێکرا.
ئەو کارەی ئیسرائیل، لە تورکیا کارداناوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەو رەفتارەی ئیسرائیل بە چەتەگەری وەسف دەکات، پەرلەمان داوای لیپرسینەوە دەکات و دادگەی ئیستەنبووڵیش دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات.
پەرلەمانی تورکیا پێشنیازێکی سەبارەت بە "هێرشی چەکداری سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەشتیگەلی جیهانیی سموود" بە کۆی دەنگ پەسندکرد. ئەم پێشنیازە بانگەوازێک لەخۆدەگرێت کە داوا لە ئیسرائیل دەکات دەستبەجێ دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت، لێپرسینەوە لەگەڵ ئیسرائیل بکرێت، هەروەها خەڵکی غەززە دەستڕاگەیشتنێکی بەردەوامیان بۆ یارمەتییە مرۆییەکان هەبێت.
دادگەی ئیستەنبووڵ داوای ڵیکۆڵینەوە دەکات و ئیسرائیل بە رفاندنی گوێزەرەوە و تاڵانکردن تەمەتبار دەکات. لە بەیاننامەیەکی فەرمانگەی داواکاری گشتیی تورکیادا هاتووە، "سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیمان بە فەرمی لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە."
لە بەرامبەردا ئێوارەی 30ی نیسان جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو 175 کەسەی کە دەستبەسەر کراون، رادەستی یۆنان دەکرێنەوە.
هەر دوای ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ یۆرگۆ جیراپێتریتس، وەزیری دەرەوەی یۆنان کرد.
کەشتیگەلی جیهانیی سموود لە 12ی نیسانی 2026 لە بەرشەلۆنەی ئیسپانیاوە بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە بەڕێکەوت، لە 23ی نیسان گەیشتە کەناراوەکانی سیسیلیای ئیتاڵیا، لەوێشەوە بەرەو غەززە بەرێکەوت؛کە 58 کەشتی و 345 کەس لە 56 وڵاتی جیاواز لەسەر کەشتییەکانن.