ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی غەززە و ئێران نزیکن
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، لە دۆسیەکانی ئاگربەستی غەززە و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا، لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە.
ترەمپ رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئیسرائیل و حەماس "زۆر نزیکن لەوەی لەسەر غەززە رێکبکەون،" گوتیشی "ئەمڕۆ یان سبەی" هەواڵی نوێ لە بارەی دانوستاندنەکانی غەززەوە "پێتان رادەگەیێنم. دەرفەتمان هەیە بگەینە رێککەوتن."
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بە پێشنیازێکی ئەمریکای نێوەندگیر بۆ ئاگربەستی غەززە رازیبووە، بەڵام حەماس دەڵێت، پلانەکە کۆتاییهێنان بە جەنگی تێدا نییە، بۆیە داوای گفتوگۆی زیاتر دەکات.
ترەمپ: نامانەوێت ئێران بتەقێنینەوە
لە بارەی گفتوگۆی ئەتۆمیی نێوان واشنتن و تاران کە تاوەکو ئێستا پێنج گەڕیان بەڕێکردووە، ترەمپ گوتی: "شتێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر بێ ئەوەی پێویست بە بۆمباران لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن."
ئەمریکا دەیەوێت بە رێککەوتن ئێران رازیبکات تاوەکو بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنوردار بکات و نەیگەیێنێتە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، کە تاران رەتیدەکاتەوە ئەوە ئامانجی بێت.
ترەمپ گوتی: "دەرفەتمان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن." جەختیشیکردەوە: "ناکرێت رێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. شتەکە هەر ئەمەیە." هەروەها گوتی: "ئێران رێککەوتنی دەوێت و ئێمەش نامانەوێت بیتەقێنینەوە."
ترەمپ: پووتین و زیلیسنکی کەللـە رەقن
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ململانێی ئۆکراینا کرد کە واشنتن وەک نێوەندگیر دەیەوێت مۆسکۆ و کیێڤ بە راگرتنی جەنگ رازی بکات.
بەڵام ترەمپ گوتی، ڤیلادمیر پووتین و ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکەکانی رووسیا و ئۆکراینا "کەللـە رەقن."
گوتیشی: "نامەوێت هەفتانە مردنی هەزارن کەس بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا ببینم."
ترەمپ هەوروەها "نائومێدبوون"ی خۆی نیشاندا لە بەرامبەر ئەوەی کە رووسیا لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستاندنی ئاشتیدا، هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئۆکراینا چڕکردوونەتەوە.
ترەمپ بۆ ماکرۆن: هەمیشە لە داخستنی دەرگای فڕۆکەکە دڵنیابەوە
ترەمپ هەروەها قسەی لەسەر رووداوە مشتومڕهێنەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا و هاوژینەکەی کرد، کاتێک کە رۆژی یەکشەممە، خانمی یەکەمی فەرەنسا لە نێو فڕۆکە، لە بەردەم کامێراکان، بە هەردوو دەستی پاڵی بە دەموچاوی ماکرۆنەوە نا.
رۆژنامەڤانێک پرسیاری لە ترەمپ کرد کە وەک دوو سەرکردە، چ "ئامۆژگارییەکی خێزانی"ی بۆ ماکرۆن هەیە، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "هەمیشە دڵنیابەوە لەوەی دەرگاکە داخراوە."
ترەمپ لە بارەی ماکرۆن و بریجیتی هاوژیییەوە گوتی: "کێشەیان نییە. ئەوان خەڵکی چاکن."