مەزڵووم عەبدی: ئامادەم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کۆببمەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەردەبڕێت و دەڵێت، ماوەی دوو مانگ و نیوە ئاگربەستێکی "کاتی و مەرجدار"یان لەگەڵ تورکیادا هەیە و "هیوادارین" ببێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، لە کاتێکدا میدیای ئەمریکی دەڵێت، واشنتن هەوڵی لێکنزیککردنەوەی هەسەدە و ئەنقەرە دەدات.
جەنەراڵە کوردەکە ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" کە رۆژی هەینی پەخشکرا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد کە "تورکیا رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەو جەنگەی بەسەر" سووریا و رۆژئاوای کوردستان سەپێندرا و "دەزانن کە تورکیا عەفرین و ناوچەکانی دیکەی وەک سەرێکانی و گرێسپی داگیرکرد. لە دە ساڵی رابردوودا جەنگی درێژخایەنمان دژی یەک کردووە."
بەڵام مەزڵووم عەبدی دووپاتیکردەوە کە "ئێستا دوو مانگ و نیوە ئاگربەستمان لەگەڵ تورکیا هەیە؛ ئاگربەستێکی کاتی و مەرجدارە و هیوادارین ببێتە هەمیشەیی و کاریش بۆ ئەوە دەکەین."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هەروەها گوتی: "پەیوەندیی راستەوخۆ و کەناڵی راستەوخۆمان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ تورکیا هەیە، هەروەها لە رێگەی نێوەندگیرەکانیشەوە؛ هیوادارین ئەم پەیوەندییانە پەرەبستێنن."
سەبارەت بە مەرجەکانی ئاگربەستەکە، مەزڵووم عەبدی گوتی: "هەندێک دۆسیەی ئەمنی هەن کە تورکیا داوای چارەسەرکردنیان دەکات و ئێمە ئێستا کاریان لەسەر دەکەین. دۆسیەی پەیوەندیدار بە هێڵی بەریەککەوتن و هێڵەکانی پێکدادان و دۆسیەی دیکەش هەن. هەروەها تورکیا گرنگی بە بابەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سووریا و دۆسیەکانی دیکەش دەدات."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: "ئێستا بەرنامەیەکی وەهام نییە،" بەڵام جەختیشی کردەوە کە "هیچ کێشیەکەم نییە لەوەی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کۆببمەوە"؛ گوتیشی: "ئێستا پەیوەندیمان هەیە، با بڵێم ئێستا بابەتی شەڕکردن لە ئارادا نییە و ئێمە لە دۆخی جەنگدا نین لەگەڵ تورکیا، لە داهاتووشدا رەنگە پەیوەندیی نێوانمان پەرەبسێنێت، ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێشوازی لە بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد و رایگەیاند: "ئێمە پێشوازیمان لەو بڕیارە کرد. ئەوە بڕیارێکە تایبەتە بە خۆیان، واتە پارتی کرێکارانی کوردستان. کاریگەریی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەرێنی بوو لەسەر ئەم ناوچەیە و پێم وایە ئاگربەستی ئێستامان لەگەڵ تورکیا یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەم چارەسەرە."
ئەم قسانەی مەزڵووم عەبدی لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاریی سیاسیی گەورە لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە لە دوای رووخانی دەسەلاتی نیو سەدەی بنەماڵەی ئەسەد و 14 ساڵی جەنگی نێوخۆ لە سووریا روویداوە و هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوەی دۆخی وڵات و پەیوەندییە هەرێمییەکان بەردەوامن.
هەروەها قسەکانی لە کاتێکدان بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی مۆنیتەری ئەمریکی، واشنتن هانی هەسەدە و ئەنقەرەی داوە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.
رۆژی هەینی میدیاکە لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، رۆژی پێنجشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی تورکیا پێشنیازیان کردووە لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکی باڵا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بکەن، بەڵام بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بە ئەنجامی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا گرێدراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تۆم باراک لە پەیوەندییەکەدا مەزڵووم عەبدی دڵنیاکردووەتەوە کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەسەدە دژی داعش بەردەوام دەبێت؛ هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدەی هان داوە بەردەوام بێت لە گفتوگۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ تورکیا کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەدەچن.
پێگە هەواڵییە ئەمریکییەکە دەڵێت، ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان باراک و مەزڵووم عەبدی بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی واشنتن بۆ ئەوەی بتوانێت لە یەک کاتدا هاوئاهەنگییەکی باش لەگەڵ کوردی رۆژئاوای کوردستان و تورکیادا هەبێت، بێ ئەوەی ئەنقەرە لە خۆی بتۆرێنێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، باراک لە دیمەشقەوە پەیوەندی بە فەرماندەی هەسەدەوە کردووە، لە کاتێکدا کە رۆژی پێنجشەممە، یەکەمجار لە 13 ساڵدا ئاڵای ئەمریکای لە شوێنی مانەوەی باڵیۆزی ئەمریکای لەو شارەدا هەڵکرد.
مۆنیتەر لە زاری "سەرچاوە هەرێمییە ئاگادارەکانەوە"دەڵێت، پێشنیازەکە بەو جۆرەیە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا یان ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی هەواڵگریی ئەو وڵاتە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق کۆببێتەوە، دوای ئەوەی شاندی کوردی لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریا کۆبووەوە.
سەرچاوەکان، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، رایانگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و بەرپرسانی باڵای تورکیا بەندە بە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەوە کە بڕیارە لە دیمەشق بەڕێوەبچن.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرکردایەتیی کورد چەندین جار روونیکردووەتەوە کە دەیەوێت پارێزگاری لە ئۆتۆنۆمیی خۆی بکات و هەسەدە بەم تایبەتمەندی و پێکهاتەیەی کە ئێستا هەیەتی، بمێنێتەوە، تەنانەت دوای ئەوەی تێکەڵ بە سوپای نیشتمانیی سووریا دەکرێت، وەک ئەوەی لە رێککەوتنی 10ی ئادار لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا واژۆکراوە.
مۆنیتەر دەڵێت، شەرع کە لایەنگری سیستمێکی تووندی ناوەندییە، رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پۆلیس و شارەوانییەکانی خۆی بەڕێوەببات، بەڵام رەتیدەکاتەوە ئۆتۆنۆمی بۆ هیچ کام لە پێکهاتەکانی وڵات لە دەستووردا فەرمی بکات.
تورکیای هاوپەیمانی نزیکی شەرع، رەزامەندی لەسەر رێککەوتنەکە نیشانداوە، ئەوەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە داواکارییە لەمێژینەییەکانی ئەنقەرە کە داوای دەکرد بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تەواوی هەڵبوەشێندرێتەوە و هەسەدە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و هەموو چەکەکانی رادەست بکات. ئەم نەرمی نواندنە هاوکاتە لەگەڵ ئەو پرۆسەیە ئێستا لە تورکیا بەڕێوە دەچێت.
دووژمنایەتیی تورکیا بەرامبەر هەسەدە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێیوایە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی بڕبڕەی پشتی هەسەدە، لقێکی پەکەکەیە لە سووریا.