سوودانی هۆشداری لە مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ بە ماکرۆن دەدات
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێگەیشت. بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا "تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگەکانی پتەوکردنی هاوبەشی و هاوئاهەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا کرا، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی جێگەی بایەخی هاوبەش" کراوە.
ئەمڕۆ شەممە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکەدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتەکەی کرد بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی هەرێمی لە بەغدا بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسەکانی ناوچەکە، هاوکات جەختی لە گرنگیی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەغدا کردەوە.
نووسینگەکەی دەڵێت، سوودانی پێزانینی عێراقی بۆ هەڵوێستی فەرەنسا بەرامبەر دۆزی فەلەستین دەربڕی و رایگەیاند: "ئەو پێشێلکارییانەی لە فەلەستین دەکرێن، پێشهاتی مەترسیدارن و دۆخی نێودەوڵەتی ئاڵۆزتر دەکەن و سیستمی جیهانی رووبەڕووی ئاڵنگاریی راستەقینە دەکەنەوە."
محەممەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکەدا جەختی لە گرنگیپێدانی عێراق بە گەشەپێدانی ئابووری لە رێگەی رۆڵی بنیاتنەرانەی لە ناوچەکەدا کردووەتەوە و هۆشداری داوە لە "مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ" کە کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێ، ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕیوە بۆ کارکردن لەگەڵ فەرەنسا و سەرجەم هاوبەشەکان، بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە، بۆ خۆدوورگرتن لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ.
سوودانی راشیگەیاندووە، عێراق هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نیشتمانیدا بێت و ئامانجی رێگریکردن بێ لە جەنگ، ئەوەش لە رێگەی دیالۆگی بنیاتنەرانە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئیمانوێل ماکرۆن "ستایشی ئاستی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەوڵەکانی حکومەتی کردووە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەکە."
وەک نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێدەکات، سەرۆکی فەرەنسا جەختی لە "قووڵیی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات و خواستی پاریس بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی عێراق" کردووەتەوە؛ هەروەها "ئاماژەی بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ بەغدا کرد و هیوای خواست سەردانەکە ئامانجە کردارییەکانی بەدیبهێنێت."