حەماس دژی بەشداریکردنی مەحموود عەباسە لە پرسەی شیمۆن پیرێز
رووداو - ئیسرائیل
گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس لەبارەی بەشداریکردنی مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی شیمۆن پیرێز، سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل رایگەیاند "بەشداریکردنەکەی بێڕێزیکردنە بە خوێنی شەهیدانی فەڵەستین و ئیدانەی دەکەین".
سامی ئەبو زوهری، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس رۆژی هەینی 30-9-2016 رایگەیاند "حەماس ئیدانەی بەشداریکردنی عەباس لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تاوانبار شیمۆن پیرێز دەکات".
گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس راشیگەیاند، بەشداریکردنی عەباس لە پرسەکە، بێڕێزیکردنە بە خوێنی شەهیدانی فەڵەستینی و دانپێدانانێکە بۆ ئاسایی سەیرکردنی داگیرکارییەکەی ئیسرائیل.
رۆژی 28-9-2016 شیمۆن پێرێز لە تەمەنی 93 ساڵی كۆچی دوایی كرد و رۆژی رۆژی هەینی 30-9-2016 بە بەشداری دەیان سەركردەی جیهان بەخاكسپێردرا.