ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانیی پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی لە غەززە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە وڵاتانی کاریگەری عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی؛ ئەمەش بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا.
رۆژی دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە قەتەر، ئوردن، ئیمارات، ئیندۆنیزیا، پاکستان، تورکیا، سعودیە و میسر راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی پلانەی ترەمپ بۆ غەززە بڵاوکردەوە.
وەزیرانی دەرەوەی ئەو 8 وڵاتە لە راگەیێندراوەکەدا سوپاسی "سەرکردایەتی و هەوڵە دڵسۆزانەکەی" ترەمپیان کرد و رایانگەیاند، متمانەیەکی زۆریان بە توانای ترەمپ هەیە بۆ "دۆزینەوەی رێگەیەک بەرەو ئاشتی."
وەزیرەکان پشتیوانی راگەیێندراوەکەی ترەمپیان کرد کە ببێتە هۆی راگرتنی هەمیشەیی ململانێکان، رێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان، و برەودانە بە "ئاشتییەکی گشتگیر" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی ترەمپیان بۆ رێگریکردن لە لکاندنی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بە ئیسرائیل کرد.
وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە ئامادەیی خۆیان نیشاندا کە "بە شێوەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەرانە" لەگەڵ واشنتن کار بکەن بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی کۆتایی بێتە ئاراوە. جەختیان لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵانە مسۆگەرکردنی "ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیرییە" بۆ هەموو لایەنەکان و بۆ تەواوی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنێکی گشتگیر دووپاتکردەوە کە چەندین خاڵی گرنگ لەخۆبگرێت، لەوانە: گەیاندنی بێمەرجی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی غەززە، ناچارنەکردنی فەلەستینییەکان بۆ کۆچکردن، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە، و دانانی میکانیزمێکی ئەمنی کە رەزامەندیی هەموو لایەنەکانی لەسەر بێت.
لە کۆتاییدا، وەزیرەکان بە روونی جەختیان لەوە کردەوە، هەر چارەسەرێک دەبێت رێگە بۆ دامەزراندنی چارەسەری دوو دەوڵەت خۆش بکات. ئەمەش بەو مانایەی کە کەرتی غەززە بە تەواوی لەگەڵ کەرتی رۆژئاوا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینیدا یەکبخرێت.