لە ئەفغانستان ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندی نەماون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هێڵەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل لە ئەفغانستان راگیراون، ئەمەش زیانێکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە دەدات کە بەدەست ژمارەیەک قەیرانەوە دەناڵێنن.
رۆژی سێشەممە، 30ی ئەیلوولی 2025، ئیندریکا راتوات، رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە هێڵەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە ئەفغانستان راگیراون و ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر کارگەکان و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بەو وڵاتە دروست کردووە.
ئیندریکا راتوات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەفغانستانەوە بە ڤیدیۆ بە رۆژنامەڤانانی لە جنێف گوت، "ئەمە قەیرانێکی دیکەیە لە سەرووی هەموو ئەو قەیرانانەی لەو وڵاتە هەن، راگرتنی ئینتەرنێت و هێڵی مۆبایل کاریگەری لەسەر ژیانی ئەفغانییەکان هەیە".
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، "لە گفتوگۆداین لەگەڵ حکومەت بۆ ئەوەی لێخۆش بوون بۆ بڕینی ئینتەرنێتی ئێمە دەربکات". جەختی لەوەش کردەوە، دۆخی خەڵک و ئەوان لە مەترسیی تەواو دایە. ئەوەشی ئاشکراکرد، تەنانەت بەرپرسانی ئەفغانستانیش رووبەڕووی ئاستەنگی بوونەتەوە بۆ پەیوەندیکردن بە یەکدی.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەفغانستان ئینتەرنێتی جۆری "بەردەوامیدان بە بزنسە گرنگەکان" بەکاردەهێنن. هەروەها، بۆ مۆبایلیش شەپۆلی رادیۆیی بەکاردەهێنن.
بە گوێرەی رێکخەری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی نەمانی ئینتەرنێت و هێڵی ئینتەرنێتیان پێنەگوتراوە.
ئابی 2021، تاڵیبان توانی حکومەتی ئەو کاتی ئەفغانستان بخات و خۆیان حکومەتێکیان لەو وڵاتە پێکهێنا. ئەمە لەکاتێکدایە ساڵانێکی زۆرە خەڵکی ئەو بەدەست نەبوونی و خراپی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن.