باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان بۆ رووداو: سبەی پێنج لەو گەنجانەی دەستگیرکرابوون، دەگەڕێندرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان بە رووداوی راگەیاند، پێنج لەو 20 گەنجەی لە لوبنان دەستبەسەرکرابوون، سبەی چوارشەممە لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەیرووتەوە دەگەڕێندرێنەوە عێراق.
 
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کرد: "هەر سبەی 10 گەنجی دیکە لە شاری تەرابلووسی باشووری لوبنانەوە دەگوازرێنەوە بۆ بەیرووت و دەست دەکرێ بە راییکردنی مامەڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق. پڕۆسەکە بەردەوام دەبێ تاوەکو سەرجەمیان دەگەڕێنرێنەوە."
 
ئەو هاونیشتمانییانە سبەی کاژێر 17:30 لە فرۆکەخانەی بەیرووت دەفڕن و کاژێر 19:30 دەگەنە فڕۆکەخانەی بەغدا.
 
باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان داوا لە گەنجان دەکات، "بە قاچاخچیەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵنەخەڵەتێن و پارە و چارەنووسی خۆیان نەخەنە دەستیانەوە."
 
رۆژی 17ی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەو هاونیشتمانییانەی بە رووداو راگەیاند.
 
ئەو گەنجانە زیاتر خەڵکی هەولێر و سلێمانین و بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا چووبوونە لوبنان.