کوێت: پیلانێکی داعشمان بۆ تەقاندنەوەی پەرستگەیەک پووچەڵکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی کوێت دەڵێ، دەزگای ئاسایشی وڵات پیلانێکی رێکخراوی داعشی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی "تیرۆریست"ی و تەقاندنەوەی پەرستگەیەکی ئەو وڵاتە پووچەڵکردووەتەوە و کەسێکی بیانی دەستگیرکردووە.

وەزارەتەکە شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای چاودێری و بەدواداچوون، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبارەکەدا دەست بەسەر چەندین کەرەستە و مادەدا گیراوە کە بۆ دروستکردنی تەقەمەنی بەکاردەهێندرێن.
 
میدیاکانی کوێت لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بڵاویانکردەوە، تۆمەتبارەکە هاووڵاتییەکی میسرییە و سەر بە رێکخراوی داعشە.
 
بە گوێرەی سەرچاوەکە، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە پلانی بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی "تیرۆریست"ی دژی پەرستگەیەک داناوە و بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکەی فێری دروستکردنی تەقەمەنی بووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی کوێت باس لەوە دەکات، بە توندی رووبەڕووی هەر کەسێک دەبنەوە کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی وڵات بدات و رێگە بە هیچ پیلانێکی تیرۆریستی نادەن، ئەوەش بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتیی هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەیان.