سێنتکۆم: چەند درۆنێکی ئێرانیمان لە دەریای سوور تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، چەند درۆنێکیان تێکشکاندووە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانەوە لە یەمەن ئاڕاستە کرابوون، درۆنەکان هیچ زیانێکی مادی و گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، کەشتیی یو ئێس ئێس کارنیی ئەمریکی، لە دەریای سوور چەند درۆنێکی ئێرانی تێکشکاند کە لە ناوچەکانی ژێر دەستی حووسییەکان لە یەمەنەوە ئاڕاستە کرابوون.
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، "درۆنەکان لە جۆری KAS-04 بوون، هەرچەندە نازانین مەبەست و ئاراستەی درۆنەکان چی و کوێ بوون، بەڵام بە ئاراستەی کەشتییەکانمان دەهاتن بۆیە تێکشکێندران. درۆنەکان هیچ زیانێکیان بە کارمەند، سەرباز و کەشتییە ئەمریکییەکان نەگەیاندووە".
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، لەوکاتەدا کەشتیی یو ئێس ئێس کارنی یاوەریی چەند کەشتییەکی دیکەی دەکرد، کە چەکی هەڵگرتبوو و بەرەو ناوچەکە دەیبرد.
حوسییەکان بە فەرمی پاڵپشتی خۆیان بۆ حەماس راگەیاندووە و ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە، ئیسرائیلیش تێکشاندنی زۆربەیانی راگەیاندووە.
حوسییەکان هەڕەشە لە کەشتییە بازرگانییە ئیسرائیلییەکانیش دەکەن. رۆژی یەکشەممە 19-11-2023، دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئیسرائیلیدا گرت لە دەریای سوور، کە 25 کەسی لەسەر بوو.
رۆژی 27-11-2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە، کە چوونەتە سەر کەشتییەکی ئیسرائیلی لە کەناراوەکانی یەمەن، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو پێنج کەسە خەڵکی سۆماڵن.
هەروەها رۆژی 23-11-2023، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کەشتیێکی ئەمریکی لە دەریای سوور بووە و ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێکشاندووە، کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە لەو ناوچانەی حووسییەکانی یەمەن کۆنترۆڵیان بەسەریانەوە هەیە، ئاراستەکراون.
ئەمە لە کاتێکدا وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی G7 دوێنێ چوارشەممە، 29-11-2023 لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، "وەک جەختکردنەوە لەسەر ئاسایشی دەریایی، داوا لە هەموو لایەک، بەتایبەتی حووسییەکان دەکەین، نەبنە هۆی هەڕەشە و دەستوەردان لە ماف و ئازادیی کەشتییەکانی ئەو ناوچەیە".
حووسییەکان کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرهەڵستکار"ـی دژی ئیسرائیل دادەنێن.