هاووڵاتییانی ئیسرائیل و لوبنان متمانەیان بە بەردەوامیی ئاگربەست نییە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 26ـی ئەم مانگە ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، ئاگربەستیان راگەیاند. بەڵام دوای ئاگربەستیش ئیسرائیل چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر لوبنان، ئەمەش متمانەی خەڵکی بە ئاگربەستەکە لاواز کردووە.
وەلید دەروێش، دانیشتووی بەیرووت دەڵێت، "دوو مانگ لە شەڕ و ئەو هەموو گەمارۆیەی بەسەرمانەوە بوو، ژیانی ئێمەی قورستر کرد. سوپاس بۆ خودا شەڕ وەستێنرا، بەڵام ئێمە هێشتا دڵنیانین ئاگربەستەکە بەردەوامدەبێت."
لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە، ئیسرائیل ناوچەیەکی باشووری لوبنانی بۆردوومانکرد و رایگەیاند، سەکۆیەکی حیزبوڵڵای بۆ هاویشتنی مووشەک کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەش، هێشتا ترسیان لە دووبارەبوونەوەی هێرشێکی هاوشێوەی بزووتنەوەی حەماسە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەر کردییە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی سەر سنوور.
دێن سویتلاند، هاووڵاتی ئیسرائیلی و دانیشتووی سەر سنووری وڵاتەکەیە و دەڵێت، "ئایا هیچ کەس چاوەڕێ لە ئێمەی دانیشتووی کۆمەڵگەکان دەکات بگەڕێینەوە ماڵەکانمان؟ نەخێر، چونکە هەرگیز دڵنیانین لەوەی حیزبوڵڵا مووشەکبارانمان نەکات یان لە پڕ هەڵنەکوتێتە سەر ماڵ و ژیانمان."
ئیدی گۆردین، فەرماندەی هێزی باکووری سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بە زەبری هێز ئاگربەستەکە دەچەسپێنن، ئەگەر نەکرا، ئامادەن شەڕێکی بەرفراوان دژی حیزبوڵڵا بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و شوێنگرەوەی حەسەن نەسرووڵڵا، پەیامێکی هێمنانەی بڵاوکردەوە.
نەعیم قاسم، لە یەکەمین گوتاری دوای ئاگربەستەکەدا باسی لە کارکردن لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەکانی لوبنانی بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە کرد.
گوتاری هاوشێوەی نەعیم قاسم، لە 10 ساڵی رابردوودا بە دەگمەن لە سەرکردەکانی حیزبوڵڵاوە بیستراوە.