گرووپێکی سەر بە 'مقاوەمەی ئیسلامی' دەڵێت، لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام دەبن
رووداو دیجیتاڵ
گرووپى فەیلەقی وەعدولسادق کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى مقاوەمەی ئیسلامی - شیعە، رایگەیاند لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە هەر شوێنێکى ناوچەکە بێت. باس لەوەش دەکەن کە "هەڵوێستى گرووپەکانى دیکە لە بەرچاو دەگرین بۆ راگرتنى هێرشەکانیان."
فەیلەقى وەعدولسادق یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەى نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "مقاوەمەى ئیسلامیى لە عێراق" ناساندووە.
ئەو گرووپە لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە، 31-01-2024، بڵاویان کردووەتەوە، دەڵێن، بەردەوام دەبن لە کردە سەربازییەکان لە دژى ئیسرائیل و ئەمریکا لە هەر شوێنێکى ناوچەکە بن، تاوەکو ئەو کاتەى هێرشى ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا لە دژى گەلى فەلەستینى دەوەستێندرێت، چەکدارەکانیان نەرمى لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە نانوێنن.
ئەو هەڵوێستەى گرووپى فەیلەقى وەعد سادق لەدواى ئەوە هات کە دوێنێ سێشەممە 30ى کانوونى دووەمی 2024، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقى رایگەیاند، سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە دژى ئەمریکا رادەگرن بۆ رێگرى لە "رووگیرکردن"ـی حکومەتى عێراق.
فەیلەقی وەعدولسادق ئاماژەى بەوەداوە هەڵوێستى هەندێک لە گرووپەکانى نێو مقاوەمە لەبەرچاو دەگرن، کە کردە سەربازییەکانیان راگرتووە تاوەکو حکومەتى عێراقى تووشی "رووگیر" نەکات بەهۆى هەڕەشەکانى ئەمریکا لە دژى بۆ راگرتنى پاڵپشتى و رووخاندنى و کۆتاییهێنان بە پاراستنى پارەکانى عێراق لە بانکەکانى جیهان.
فەیلەقی وەعدولسادق یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانى عێراق، لە ساڵى 2006 لە سوپاى مەهدى سەر بە موقتەدا سەدر جیابووەوە، محەممەد تەمیمى ئەمیندارى گشتیى ئەو گرووپەیە.