بەرگریی شارستانیی غەززە: لە هێرشەکانی ئیسرائیل دا 32 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی زنجیرەیەک بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتەکە، رۆژی شەممە، 32 کەس کوژراون کە بەشێکیان منداڵن. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکان لە وەڵامی پێشێلکردنی ئاگربەست بووە لەلایەن حەماسەوە.
سەرەڕای ئەوەی قۆناخی دووەمی ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمریکا لەم مانگەدا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام گرژییەکان لە کەرتی غەززە بەردەوامن و هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن. ئەم خوێنڕشتنە نوێیەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل رایگەیاندووە رۆژی یەکشەممە دەروازەی رەفەح لەنێوان غەززە و میسر بۆ "جووڵەی سنوورداری خەڵک" دەکاتەوە.
"کارەساتی مرۆیی"
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ژمارەی شەهیدەکان گەیشتووەتە 32 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن."
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "شوقە، چادر، پەناگە و بنکەیەکی پۆلیس کراونەتە ئامانج و ئەمەش کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتووەتەوە."
یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی ریمال لە شاری غەززە بەتەواوی وێران بووە. سامر عەتبەش، کەسوکاری یەکێک لە خێزانە قوربانییەکان دەڵێت: "سێ کچمان لەکاتی خەودا گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانمان لەسەر شەقام دۆزییەوە."
نائیل عەتبەش، خزمێکی دیکەی خێزانەکە بە تووڕەییەوە گوتی: "باسی کام ئاگربەست دەکەن؟ هەمووان یەکدی دەخەڵەتێنن."
بە ئامانجگرتنی بنکەی پۆلیس
یەکێک لە هێرشەکان بنکەی پۆلیسی گەڕەکی شێخ رەزوانی لە شاری غەززە کردە ئامانج. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی غەززە رایگەیاند، لەو هێرشەدا حەوت کەس کوژراون و بەسەڵیش ئاشکرای کرد کە چواریان ئەفسەری ژن بوون. پۆلیسی غەززە دەڵێت: "کوژراوەکان ئەفسەر و کارمەندی پۆلیس و هەروەها هاووڵاتی سڤیل بوون کە لەو کاتەدا لە بنکەکە بوون."
هەروەها هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل پەناگەیەکی لە ناوچەی مەواسی لە باشووری غەززە کردە ئامانج، کە هەزاران ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە، بەڵام هێشتا ژمارەی قوربانییانی ئەو هێرشە نەزانراوە.
پێشێلکردنی ئاگربەست
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکان وەڵامێک بوون بۆ رووداوەکەی رۆژی هەینی، کە تێیدا هەشت چەکداری فەڵەستینی لە تونێلێک لە شاری رەفەح دەرچوون و بەمەش "ئاگربەستە لەرزۆکەکەیان" پێشێل کردووە. سوپا دەڵێت: "چوار فەرماندە و ژمارەیەک چەکداری حەماس و جیهادی ئیسلامیمان لە سەرانسەری کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج."
بزووتنەوەی حەماس هێرشەکانی رۆژی شەممەی بە "تاوانی دڕندانە" ناوبرد.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە دەڵێت، لەوەتەی ئاگربەست لە 10ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە، لانی کەم 509 کەس لە غەززە بە هێرشی ئیسرائیل کوژراون. سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی چوار سەربازی لە هەمان ماوەدا راگەیاندووە.
کرانەوەی دەروازەی رەفەح
میسر، کە نێوەندگیرێکی سەرەکییە، سەرکۆنەی "پێشێلکارییە بەردەوامەکانی" ئیسرائیلی کرد و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن، بەتایبەت پێش کرانەوەی دەروازەی رەفەح لە رۆژی یەکشەممەدا.
کردنەوەی دەروازەکە بەشێکی سەرەکییە لە قۆناخی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست. ئیسرائیل پێشتر رەتیدەکردەوە دەروازەکە بکاتەوە تاوەکو روفاتی "ران گڤیلی"، دواین بارمتەی ئیسرائیلی وەردەگرێتەوە، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە دۆزرایەوە و رۆژی چوارشەممە لە ئیسرائیل نێژرا.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، کە ئیسرائیل پشتڕاستی دەکاتەوە، لە ماوەی دوو ساڵی جەنگدا 71 هەزار و 769 کەس لە غەززە کوژراون.