قەتەر پێشوازی لە رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق دەکات

رووداو دیجیتاڵ

قەتەر پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی راگوزەری سووریا دەکات و پشتیوانی لە پێکهێنانی "یەک سوپا دەکات کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکات". 

وەزارەتەکە هەروەها هیوا دەخوازێت "رێککەوتنەکە ببێتە هۆی پتەوبوونی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بەهێزبوونی ئاسایش و ئارامی لە کۆماری عەرەبیی سووریا."
 
قەتەر هەروەها "جەخت دەکاتەوە کە سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی سووریا پێویستی بەوەیە هێز تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، ئەوەش لە رێگەی هەبوونی یەک سوپا کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات، بۆ ئەوەی سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزێت."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "قەتەر دەستخۆشی لە هەوڵە کاریگەرەکانی ئەمریکای دۆست دەکات کە لە گەیشتن بەم رێککەوتنەدا، رۆڵی هەبوو."
 
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ستایشی هەڵوێستەکەی قەتەر دەکات و لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "[ئەمە] پشتیوانییەکی هەرێمیی گرنگە."
 
رێککەوتنەکە رۆژی هەینی واژۆ کرا بۆ ئەوەی کۆتایی بە چەندین هەفتەی شەڕ لەنێوان هەردوولادا بێنێت و ببێتە نەخشەڕێی تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ ئەوانی حکومەتی راگوزەر. 
 
نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە:
 
- ئاگربەست و تێکەڵکردن: پرۆسەیەکی قۆناخبەندی بۆ تێکەڵکردنی هێزە سەربازی و یەکە کارگێڕییەکان دەستپێدەکات.
 
- پێکهاتەی سەربازی: سێ لیوای سەر بە هەسەدە دەخرێنە سەر سوپای سووریا.
 
- تایبەتمەندی کۆبانێ: هەسەدە لیوایەکی تایبەت و جیا بۆ پاراستنی شاری کۆبانێ دەبێت.
 
- گەڕانەوەی حکومەت: هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەگەڕێنەوە شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ.