حیزبوڵڵا: لە رۆژێکدا 39 ئۆپەراسیۆنمان دژی ئیسرائیل کردووە

رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، بە مووشەک و درۆن 39 ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر کۆمەڵگە جوونشینەکان، بنکە و بارەگا و شوێنی کۆبوونەوەی سوپای ئیسرائیل کردووە.

بە گوێرەی راگەیێندراوەکانی حیزبوڵڵا کە دوایینیان درەنگی شەوی رابردوو 31ـی ئاداری 2026 بڵاوکرایەوە، ئەو 39 ئۆپەراسیۆنەیان لە ماوەی 24 کاژێردا کردووە.
 
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاندووە، لە هێرشەکانیان دا چەند کۆمەڵگەیەکی جوونشینی باکووری ئیسرائیل، بنکەی سەربازی و شوێنی کۆبوونەوەی سەربازانیان بەدرێژایی سنوور و لە قووڵایی خاکی ئیسرائیلدا کردووەتە ئامانج.
 
حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هێرشەکاندا 4 تانکی جۆری مێرکاڤا، چەندین بنکەی سەربازی و کۆبوونەوەی سەربازانیان کردووەتە ئامانج. هەروەها درۆنێکی ئیسرائیلیان لە جۆری "هێرمس 450" خستووەتە خوارەوە و بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی زرێپۆشی ئیسرائیل داناوە. 
 
لە 2ی ئادار، حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل دەکەنەوە.
 
هەمان رۆژ، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان فراوانتر کرد. هێرشی ئاسمانیی کردە سەر باشووری بەیرووت و ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە. هەروەها لە 3ی ئاداردا دەستی بە چوونەژوورەوەیەکی سنوورداری وشکانی کرد بۆ باشووری لوبنان.
 
رۆژی 30ـی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکان تاوەکو ئێستا 1247 کەس کوژراون و 3680 کەسیش بریندارن.