نەتەوە یەکگرتووەکان: جەنگی ئێران هەموو گەشەی ئابووریی وڵاتانی عەرەبی لە 2025 دەسڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، تەنیا یەک مانگ لە جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەتوانێت هەموو ئەو گەشە ئابوورییەی کە وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2025ـدا  بەدەستیان هێنابوو لەناوببات، پێشبینیش دەکرێت ببێتە هۆی "داکشانێکی تووندی ئابووری" لە ناو ئێران دا.
 
زنجیرەیەک راپۆرتی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) لە پێنجەم هەفتەی جەنگ دا بڵاوکرانەوە، لە کاتێکدا هەموو لایەنەکان سەرەڕای باسکردنی دانوستاندن، بەردەوامن لە گۆڕینەوەی هەڕەشەکان.
 
ئاژانسەکە رایگەیاندووە: "هەڵکشانە سەربازییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خاڵە لاوازەکانی ژێرخانی ناوچەی وڵاتانی عەرەبی دەرخستووە." مەزەندە دەکرێت بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە سەرانسەری ناوچەکەدا 3.7٪ بۆ 6.0٪ دابەزێت. ئەمەش بە واتای لەدەستدانی 120 ملیار بۆ 194 ملیار دۆلار دێت، کە زیاترە لەو گەشە ئابوورییەی ناوچەکە لە ساڵی 2025دا تۆماری کردبوو.
 
سەبارەت بە ئێران، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، جەنگەکە دەبێتە هۆی داکشانێکی زۆر تووندی ئابووری. پێشبینییەکان نیشانی دەدەن، رێژەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ئێران بەراورد بە دۆخی ئاسایی (بێ جەنگ)، بە رێژەی 8.8 بۆ 10.4 خاڵ دادەبەزێت.
 
یەکێکی دیکە لە لێکەوتە هەرە مەترسیدارەکان، هەژارکەوتنی ملیۆنان هاووڵاتییە. بەپێی مەزەندەکان؛ لە نێوان 3.5 ملیۆن بۆ 4.1 ملیۆن کەسی دیکە لە ئێران دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. ئەمەش رەنگە رێژەی گشتیی هەژاری لە ئێراندا بۆ 41٪ بەرز بکاتەوە.
 
ئەم راپۆرتانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە، بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز و لێدانی کۆگە نەوتییەکان، نەک هەر ئێران و وڵاتانی عەرەبی، بەڵکو تەواوی ئابووریی جیهانیان خستووەتە ژێر مەترسیی هەڵاوسانێکی بێوێنەوە.