نۆکەندی پەنەما بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە قەرەباڵخ بووە

رووداو دیجیتاڵ

جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، وایکردووە بەشێکی زۆری جووڵەی کەشتیوانیی جیهانی رێڕۆکەی بەرەو نۆکەندی پەنەما بگۆڕێت. بەرپرسانی ئەم نۆکەندە نێودەوڵەتییە دەڵێن قەرەباڵخییەکی بێوێنە لە ناوچەکە دروست بووە.
 
ئیلیا ئێسپینۆ دی مارۆتا، جێگری بەڕێوەبەری نۆکەندی پەنەما لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: "ئێمە پێشبینیمان دەکرد ئەم ساڵ رۆژانە نزیكەی 34 کەشتی بە ناو نۆکەندەکەدا تێپەڕ بن، بەڵام لە دوو هەفتەی رابردوودا ئەم ئامارە گەیشتووەتە 38 و 39 و تەنانەت 40 کەشتیی رۆژانە."
 
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە دوای ئەوە هات، ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تەنگەی هورمزی پەکخست، کە شا دەماری وزەی جیهانە و 20٪ـی نەوت و گازی سروشتیی پێدا تێدەپەڕێت. بەوهۆیەوە، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی ناچار بوون رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن.
 
نۆکەندی پەنەما، کە هەردوو زەریای ئەتڵەسی و هێمن بەیەکەوە دەبەستێتەوە، رێڕۆی 5٪ـی بازرگانیی دەریایی جیهانە. ئەم رێگەیە بە پلەی یەکەم لە لایەن ئەمریکا و چینەوە بەکاردێت بۆ گواستنەوەی کاڵا لە نێوان کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکا و وڵاتانی وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور.
 
دی مارۆتا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، نۆکەندی پەنەما هێشتا وەک رێگەیەکی کورت و پارێزراو دەمێنێتەوە کە تێچووی گواستنەوە کەمدەکاتەوە. بەڵام هۆشداریی دا، تێپەڕبوونی رۆژانەی 40 کەشتی لە ماوەی درێژخایەندا "جێگیر نابێت" و دەبێتە گوشارێکی زۆر لە سەر تواناکانی نۆکەندەکە.
 
پێشبینیش دەکرێت تاوەکو مانگی نیسان، ژمارەی ئەو کەشتییانەی گازی سروشتیی شل (LNG) هەڵدەگرن روو لە زیادبوون بکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەناردەی گاز بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرایناوە پاشەکشەی کردبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە جووڵەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.