کوێت: ئێران هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانمان لە بەندەری دووبەی
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی پترۆڵی کوێت رایدەگەیێنێت، یەکێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان لە کاتی وەستانی لە بەندەری دووبەی رووبەڕووی "هێرشێکی ئێرانی" بووەتەوە. دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیاش پشتڕاستی دەکاتەوە لەسەر کەشتییەکە ئاگرکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، دامەزراوەی پترۆڵی کوێت لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی خاوی وڵاتەکەیان لە کاتی لەنگەرگرتنی لە بەندەری دووبەی لە ئیمارات، کراوەتە ئامانج و ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەکە، هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەنێو کەشتییەکە و زیانی مادی بەرکەوتووە، هەروەها "ئەگەری دزەکردنی نەوت" لە کەشتییەکە هەیە. دامەزراوەکە دڵنیایی دا کە "هیچ زیانێکی گیانیی نییە" و ئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی وردی زیانەکانن.
هاوکات نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی دووبەی دەڵێت، کەشتییەکی نەوتهەڵگری کوێت لە ناوچەی مەختاف لە کەناراوەکانی دوبەی، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج.
نووسینگەکە راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ بریندارێک لە ئەنجامی هێرشەکەدا نەبووە و لە ئێستاشدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی دەریایی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە دەربارەی رووداوێکی دەریایی لە دووری 31 میلی دەریایی لە باکووری رۆژئاوای دوبەی.
دەستە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسێکی ئەمنی پێی راگەیاندوون کە کەشتییەکە بە (هاوێژراوێک) پێکراوە و بەوهۆیەوە ئاگر لەسەر کەشتییەکە کەوتووەتەوە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن.