واشنتن: رێز لە مافی ئیسرائیل دەگرین بۆ دانانی یاسای سزای مەرگی تێرۆریستان

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا رایگەیاند، رێز لە مافی ئیسرائیل دەگرێت بۆ داڕشتنی یاساکانی خۆی، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە (کنێست) یاسایەکی پەسند کرد، کە رێگە بە سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر ئەو فەلەستینییانە دەدات کە بە تۆمەتی "تێرۆر" حوکم دەدرێن.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ئەمریکا رێز لە مافی سەروەریی ئیسرائیل دەگرێت بۆ دیاریکردنی یاسا و سزاکانی دژی ئەو کەسانەی بە تێرۆر حوکم دەدرێن." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن متمانەی هەیە "هەر رێکارێکی لەو شێوەیە لە سایەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەدا جێبەجێ دەکرێت."
 
ئەمریکا تاکە ئەندامی ناتۆیە کە تاوەکو ئێستا سزای مەرگ جێبەجێ دەکات و هاوکات گەورەترین پشتگیریی سەربازی و دیپلۆماسیی دەوڵەتی ئیسرائیلە.
 
پێش پەسندکردنی ئەم یاسایە، هەریەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا رۆژی یەکشەممە "نیگەرانیی زۆر"ی خۆیان دەربڕی. ئەم وڵاتانە هۆشدارییان دا، ئەم هەنگاوە مەترسیی "لاوازکردنی پابەندییەکانی ئیسرائیل بە بنەما دیموکراسییەکان" دروست دەکات.
 
بەپێی دەقی پێشنیازەکە، هەر کەسێک بە ئەنقەست ببێتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک یان نیشتەجێیەکی ئیسرائیلی [جووی هاوردە] بە مەبەستی لێدان لە دەوڵەتی ئیسرائیل، سزای مەرگ یان زیندانی تاهەتایی بەسەردا دەسەپێت.
 
ئەم یاسایە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە زیاتر فەلەستینییەکانی کەرتی رۆژئاوا دەگرێتەوە، چونکە ئەوان لەبەردەم دادگە سەربازییەکاندا دادگایی دەکرێن و سزای مەرگ دەبێتە سزای بنەڕەتی بۆیان. شارەزایان دەڵێن، بەم شێوەیە ئیسرائیل دەتوانێت فەلەستینییەکان بە سزای مەرگ مەحکوم بکات، بەڵام یاساکە هەرگیز ئەو کۆچبەرە جووانە ناگرێتەوە کە فەلەستینی دەکوژن، چونکە ئەوان لەبەردەم دادگە مەدەنییەکاندا دادگایی دەکرێن.
 
هەرچەندە یاساکانی ئیسرائیل سزای مەرگی تێدایە، بەڵام لە ساڵی 1962ەوە هیچ حوکمێکی مەرگ جێبەجێ نەکراوە. دوایین کەس کە لەو وڵاتە ئەو سزایەی بەسەردا جێبەجێکرابێ، ئەدۆڵف ئایخمان بوو، کە یەکێک بوو لە سەرکردە باڵاکانی نازییەکان.