حەماس بە پێشنیازەکەی ئەمریکا رازیبووە؛ 10 بارمتە ئازاد دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، وەڵامی پێشنیازی ئەمریکایان بۆ ئاگربەست دایەوە و وەکو بەشێک لە رێککەوتن ئامادەن 10 بارمتە ئازاد بکەن. 
 
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، بزووتنەوەی حەماس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "وەڵامی پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکامان رادەستی لایەنە نێوەندگیرەکان کرد". 
 
بزووتنەوەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، وەکو بەشێک لە رێککەوتن، "10 بارمتەی زیندووی داگیرکەر (ئیسرائیل) ئازاد دەکەین و 18 تەرمیشیان بۆ دەگەڕێنینەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، "لە بەرامبەردا دەبێت ئەو ژمارە زیندانییە فەلەستینییە ئازاد بکرێن کە لەسەری رێککەوتووین". 
 
پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستێکی 60 رۆژەیە. لە هەفتەی یەکەمدا 28 بارمتە، یان تەرمی بارمتەکان رادەستی ئیسرائیل دەکرێنەوە. لە بەرامبەردا دەبێت تەلئەڤیڤ هەزار و 236 فەلەستینی ئازاد بکات و 180 تەرمی زیندانییە فەلەستینییەکانیش بگەڕێنێتەوە. 
 
لە رەشنووسی پێشنیازەکەی ئەمریکادا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ میسر و قەتەر قسە دەکات. هەروەها، لەگەڵ دەستبەجێ واژۆکردنی پێشنیازی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە، ئەوا هاوکاری مرۆیی زیاتر دەنێردرێتە کەرتی غەززە. 
 
بە گوێرەی رەشنووسەکە، هاوکارییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، مانگی سوور و ئەو رێکخراوانەوە دابەشدەکرێن کە لەسەریان رێککەوتوون. 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە هێرش و بۆردوومانکردنی غەززە وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا 250 هاووڵاتیی وڵاتەکەیان بە بارمتەگیران. ئەگەر ئەم پێشنیازە رێککەوتنی لەسەر بکرێت و جێبەجێکرا، ئەوا هێشتا 22 بارمتە لە غەززە دەمێننەوە. 
 
دوایین ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بۆ مانگی ئادار بوو. ئەو کات 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازادکران، لە بەرامبەردا بۆ هەر یەکەیان تەلئەڤیڤ 30 بۆ 50 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کرد.