ئیسرائیل بەئامانجکردنی بەرپرسێكی باڵای حەماسی راگەیاند؛ "رەنگە کوژراوەکە ئەبو عوبەیدە بێت"
رووداو دیجیتاڵ
ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژە دەمامکدارەکەی کەتیبەکانی عیزەددین قەسام - باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، بەگوێرەی بەشێک لە میدیای ئیسرائیل و ناوچەکە، کراوەتە ئامانج و ئەگەری هەیە کوژرابێت.
رۆژی شەممە 30-08-2025، سوپای ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی بۆسەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری غەززە لە باکووری کەرتەکە، بەرپرسێكی باڵای چالاکی حەماس بەئامانجگیرا."
لە راگەیێندراوەکەیدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بە ئەبو عوبەیدە نەکردووە، بەڵام میدیای ئیسرائیلی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری، دەڵێن، "ئەوەی کوژراوە ئەبو عوبەیدەیە"، کە ناوی راستەقینەی "حوزەیفە سەمیر عەبدوڵڵا کەحلووت"ه.
چەند بەرپرسێكی دەسەڵاتی فەلەستینیش لە کەرتی رۆژئاوا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هەواڵی کوژرانی "ئەبو عوبەیدە"یان بۆ میدیایەکی عەرەبی پشتڕاست کردووەتەوە.
کوژرانی ئەبو عوبەیدە تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی دەڵێن، لەو باوەڕەدان کوژرابێت.
بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسرائیل، هێرشەکە کراوەتە سەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی "ریمال"ی شاری غەززە لە باکووری کەرتی غەززە، دەشگوترێت لە ئەنجامی هێرشەکە جگە لە کوژرانی "بەرپرسێكی باڵای حەماس"، لانیکەم 11 کەسی دیکەش بوونەتە قوربانی.
بزووتنەوەی حەماس تاوەکو ئێستا هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شەوی رابردوو بزووتنەوەی حەماس کوژرانی محەممەد سنوار، برای یەحیا سنواری پشتڕاست کردەوە، کە سەرکردەیەکی دیاری کەتیبەکانی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە بووە. پێشتر لە کۆتایی ئاداری ئەم ساڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کوژرانی محەممەد سنواری راگەیاند.