حەماس کوژرانی براکەی یەحیا سنوار پشتڕاستدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بزووتنەوەی حەماس کوژرانی محەممەد سنوار، فەرماندەی سەربازیی بزووتنەوەکەی پشتڕاستکردەوە، ئەمەش دوای چەند مانگێک دێت لەوەی ئیسرائیل رایگەیاندبوو لە هێرشێکدا لە باشووری کەرتی غەززە کوشتوویەتی.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، بزووتنەوەکە وێنەیەکی سنواری لەگەڵ وێنەی چەند فەرماندەیەکی دیکەدا بڵاوکردەوە و وەک "شەهیدانی ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی" ناوی بردوون.
 
حەماس وێنەی کۆبوونەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەریەک لە ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سنوار، دوو سەرکردەی پێشووی حەماس؛ محەممەد زەیف، فەرماندەی کەتائیبی قەسام و مەروان عیسا، جێگرەکەی؛ لەگەڵ هەردوو ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی، باسم عیسا و رائید سابت، دەردەکەون. 
 
ئەمە یەکەم جارە حەماس بە فەرمی کوژرانی سنوار رادەگەیێنێت.
 
دوو سەرچاوە لە حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، محەممەد سنوار دوای کوژرانی محەممەد زەیف، سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی سەربازیی کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی حەماسی وەرگرتبوو. 
 
محەممەد سنوار، برای یەحیا سنوارە، کە ساڵی رابردوو سوپای ئیسرائیل لە شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کوشتی.
 
سوپای ئیسرائیل لە 13ـی ئایاری رابردوو هێرشێکی ئاسمانیی گەورەی کردە سەر نەخۆشخانەی ئەورووپیی غەززە لە باشووری رۆژهەڵاتی خان یوونس.
 
سوپای ئیسرائیل لە حوزەیرانی رابردوو رایگەیاند، دوای دۆزینەوەی تەرمی محەممەد سنوار "لە تونێلێکدا لەژێر نەخۆشخانەی ئەورووپی"، ناسنامەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە.