لوبنان داوای گفتوگۆ لە حیزبوڵـڵا دەکات سەبارەت بە چارەنووسی چەکەکانیان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند، ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ حیزبوڵـڵا بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی چەکەکانی ئەو گرووپە. دەشڵێت، دەیانەوێت لەگەڵ گرووپەکە ستراتیجیەتێکی ئەمنی بۆ وڵاتەکەیان دروست بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، نەبیە بری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان لە گوتارێکدا رایگەیاند، "دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەی گفتوگۆین سەبارەت بە چارەنووسی چەکەکانی (حیزبوڵـڵا) وەکو بەشێک لە شانازی و شکۆی لوبنانییەکان، ئەمەش لە رێگەی دیالۆگێکی گشتگیر و ئارامەوە لەسەر بنەمای دەستوور، سوێندی سەرۆک، راگەیێندراوی وەزیرەکان، یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان."
تشرینی یەکەمی 2023، حیزبوڵـڵا وەکو پاڵپشتییەک بۆ غەززە لە جەنگی دژی ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئەو وڵاتە. دواتر، ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە. تشرینی دووەمی پار، حیزبوڵـڵا و ئیسرائیل ئاگربەستیان کرد و یەکێک لە مەرجەکانیش دانانی چەک بووە لە لایەن حیزبوڵـڵا و گرووپەکانی دیکەی لوبنانەوە.
ئایاری ئەم ساڵ، بەرپرسانی دەسەڵاتی فەلەستین لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان رێککەوتن کە گرووپە فەلەستینیەکانی لوبنان چەکەکانیان دابنێن. پرۆسەکە نزیکەی دوو هەفتەیە دەستیپێکردووە و بەشێکیان رازیبوون، هەندێکیشیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حیزبوڵـڵا رەتیانکردووەتەوە بە ئاگربەست رازیبن. نەعیم قاسم، ئەمینداری بزووتنەوەی حیزبوڵـڵا چەند جارێک رایگەیاندووە، چەکدانانیان ئیسرائیل دەستواڵا دەکات بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان و سەروەری تەواوی وڵاتەکەشیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان لە گوتەکانی ئەمڕۆیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە ئەم دیالۆگە ببێتە هۆی دروستکردنی ستراتیژی ئەمنی نیشتمانی کە بتوانێت لوبنان بپارێزێت، دڵنیایی لە سەروەری خاک بدات و سنوورە دانپێداندراوەکانی بپارێزێت".