ئەمریکا 300 سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن دەڵێت، 300 سەربازیی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن، بەڵام ناچنە ئیسرائیل. مەبەست لە چوونی سەربازەکان، وەکو پێنتاگۆن دەڵێت، بۆ زیادکردنی توانای وەڵام دانەوەیانە لە ناوچەکەدا.  

 

دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت کە ململانێی تووند لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست بکات هەرچەندە ئێستا واشنتن هەوڵ دەدات جەنگی ئیسرائیل و حەماس سەرهەڵنەدات بۆ شەڕێکی هەرێمی. 
 
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە کە 14یان بۆسەر هێزەکانیان بووە لە عێراق و نۆیان لە سووریا بووە. ئەمریکاش هێزەکانی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدەری ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات. هەروەها لە هەفتەی رابردوودا لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکانی لە سووریا کردە ئامانج کە پێنتاگۆن رایگەیاندووە، سەر بە ئێران بوون.  
 
هەرچەندە هێزەکانی ئەمریکا چەک و تەقەمەنیی زۆریان لەبەردەستدایە، بەڵام وەڵامیان بۆ ئەو هێرشانە سنووردار بووە، پێنتاگۆنیش دەڵێت، وا دەردەکەوێت هێرشەکان قوربانییان لێ نەکەوتبێتەوە. ئەوەش وەکو هەنگاوێک لێی دەڕواندرێت کە ئەمریکا نایەوێت گرژییەکان فراوانتر ببن. 
 
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "هەموومان نیگەرانین لەوەی هەڕەشەکانی تۆڕەکانی سەر بە ئێران ببنە هۆی ئەوەی کە لێکتێنەگەیشتن رووبدات و هەرێمەکە بخاتە نێو جەنگەوە."
 
ئەو بەرپرسە پێیوایە "ئەگەر شەڕێکی هەرێمی رووبدات، هیچ لایەنێک براوە نابێت. بۆیە ئێمە [ئەمریکا] لە رێگەی هاوبەشەکانمان و هاوپەیمانەکانمان پەیوەندی دەکەین و لەسەر هێڵین، هەروەها هەڵوێست دەردەبڕین بۆ ئەوەی نیەتی خۆمان روونبکەینەوە بۆ رێگەگرتن لە شەڕێکی هەرێمی."
 
ئەمریکا دەڵێت، هێرشی سەر هێزەکانیان جیایە لەو جەنگەی ئێستا لەنێوان ئیسرائیل و حەماس روودەدات، بەڵام ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەنجامی "سیاسەتی هەڵەی ئەمریکایە" لەنێویاندا پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، 31-10-2023 بە رووداوی گوت، ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا هەر پاساوێک بۆ هێرشەکانیان دەهێننەوە، دەتوانن بیهێننەوە، "بەڵام ئێمە بە روونی گوتوومانە ئەو هێرشەی کردمانە سەر ئەو گرووپانە بەجیا کردوومانە و پەیوەندی بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە نییە."
 
ئەمریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەن و نزیکەی 900 سەربازیشی لە سووریا جێگیرکردوون کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کاردەکەن بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و لەنێوبردنی رێکخراوەکە. 
 
بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا، وەکو پێنتاگۆن دەڵێت، 21 سەربازیان "بە سووکی" برینداربوون. هەروەها بەڵێندەرێک لەکاتی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە "بە هەڵە" بەهۆی نەخۆشی دڵەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
هاوکات هەر رۆژی سێشەممە، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر لایەنێک کە بیر لەوە دەکاتەوە بچێتە نێو شەڕی ئیسرائیل و حەماس، پێویستە نەیکات." هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا بە مافی خۆی دەزانێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکان و سەربازەکانی بکات و "ئەمەش دەکات." 
 
لەلایەکی دیکەوە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە روونی ئەوەی گوتووە کە لە کات و شوێنێک کە خۆیان هەڵی دەبژێرن، وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە کە دەکرێنە سەر هێزەکانیان.