وەزیرێکی ئیسرائیل ڤیدیۆی خۆی لەگەڵ زیندانییە فەڵەستینییەکان بڵاودەکاتەوە و هەڕەشە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە، تێیدا لە نزیک ژمارەیەک زیندانیی فەڵەستینی وەستاوە کە بە دەمدا کەوتوون و دەستیان بەستراوەتەوە.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، ئیتامار بن گڤیر روو لە کامێراکە دەکات و ئاماژە بە دەیان دەستبەسەرکراو دەکات کە لەبەردەم ئاڵای ئیسرائیل بە دەمدا خراون.
وەزیرە تووندڕۆکە، کە ئاماژە بە یەکەی هێزی تایبەتی باڵی سەربازیی حەماس بەناوی "نوخبە" دەکات و دەڵێت، "ئەم پیاوانە لە هێزی نوخبەن کە هاتن بۆ کوشتنی منداڵ، ژن و ساوایانمان. ئەمڕۆ سەیریان بکەن."
ئیتامار بن گڤیر دەڵێت، "هێشتا شتێک ماوە کە دەبێت بکرێت: سزای مەرگ بۆ تیرۆریستان."
بن گڤیر هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر تاوەکو 9ی تشرینی دووەم پڕۆژەیاساکەی بۆ "سزای مەرگ بۆ تیرۆریستان" نەخرێتە دەنگدانی پەرلەمانییەوە، دەست لە دەنگدان لەگەڵ هاوپەیمانیی راستڕۆی بنیامین نەتەنیاهوو هەڵدەگرێت.
لە نووسینێکی درێژدا کە لەگەڵ ڤیدیۆکەدا بڵاوکراوەتەوە، بن گڤیر دەڵێت، دوای ئەوەی ئیسرائیل سەرکردەکانی حەماسی کوشت، بزووتنەوە ئیسلامییەکە "بارمتەکانی ئەشکەنجە داوە."
دواتر شانازی بەو دۆخە سەختەی زیندانیکردنەوە دەکات کە بەسەر زیندانییە فەڵەستینییەکانیدا سەپێندراوە و نووسیویەتی، "شانازی بە شۆڕشی نێو زیندانەکانەوە دەکەم کە لەوکاتەوەی دەوڵەت دامەزروە هاوشێوەی نەبووە. ئەمڕۆ رێگری هەیە. چیدیکە زەردەخەنە لەوێ نییە، ئێمە دەیسڕینەوە."
بن گڤیر لە مانگی ئابدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا لەنێو ژووری زیندانەکەیدا رووبەڕووی مەروان بەرغوسی، دیارترین دەستبەسەرکراوی فەڵەستینی وەستاوە.