سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: نیوەی سوپای سووریا جیهادییە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، پێویستە دەرفەت بە حکومەتی کاتیی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع بدرێ، بەڵام نیگەرانی خۆیشی لەبارەی پێکهاتەی سوپای نوێی ئەو وڵاتە دەربڕی. 
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی لەبارەی پێدانی دەرفەت بە ئەحمەد شەرع لەلایەن ترەمپەوە پرسیاری لێکرا. 
 
نەتەنیاهوو لە وەڵامدا گوتی: "پێم وایە ئەو [ترەمپ] دەیەوێ دەرفەتێکی پێ بدات [بە ئەحمەد شەرع]، هەروەک ئێمەش دەمانەوێ."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لە یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق کرد. نەتەنیاهوو گوتی: "یەکەمین ساڵیادی ئەم حکومەتە نوێیەمان بینی کە رێپێوانێک، نمایشێکی سەربازییان ئەنجامدا. بەداخەوە نیوەی سوپاکەیان جیهادین." 
 
لەگەڵ ئەم نیگەرانیانەشدا، نەتەنیاهوو گوتی: "حەز دەکەین بزانین ئایا دەتوانین پەیوەندییەکی جیاوازمان لەگەڵی هەبێت. گفتوگۆمان هەیە، شتێک کە هەرگیز لەگەڵ رژێمی ئەسەد نەمانبووە. بەهیوام کە ئەمە بەرەو داهاتوویەکی ئاشتییانە بڕوات."
 
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، ترەمپ باسی لە چەندین پرسی گرنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و لەبارەی سووریاش پرسیاری لێکرا. 
 
ترەمپ رایگەیاند، هیوادارە نەتەنیاهوو "لەگەڵ سووریا هەڵبکات، چونکە سەرۆکی نوێی سووریا زۆر بە جیدی هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی کارێکی باش بکات."
 
سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لەبارەی ئەحمەد شەرع گوتی: "دەزانم کەسێکی سەرسەختە و دەزانن، ناتوانیت کەسێکی فریشتەئاسا [سادە و بێوەی] بهێنیت بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی سووریا بکات."
 
لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەناو سووریادا زیادکرد. ئۆپەراسیۆنەکان زۆربەی ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکەیان کردە ئامانج، لەنێویاندا فڕۆکەخانە سەرەکییەکان، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ناوەندەکانی فەرماندەیی و دامەزراوە ستراتیژییەکانی دیکە کە بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە گرنگ بوون.
 
بەگوێرەی ئامارێکی وردی پڕۆژەی زانیاریی شوێن و رووداوەکانی ململانێی چەکداری (ACLED)، لە ساڵی رابردوودا ئیسرائیل زیاتر لە 600 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سووریا. 
 
زۆربەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە پارێزگاکانی قونەیترە، دەرعا و دیمەشق بوون.