داهاتووی یەمەن؛ ناکۆکییەکانی سعودیە و ئیمارات دەتەقێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری ئیمارات بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە یەمەن دوای هێرشێکی ئاسمانیی سوپای سعودیە، بەشێک لە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانەی وڵاتانی کەنداوی هێورکردەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی سعودیە هۆشداریدایە ئیمارات کە ستراتیژییەتی لە یەمەن بگۆڕێت، ئەگینا هەنگاوی تووندتر دەنێت.
هێرشەکەی رۆژی سێشەممەی سعودیە بۆ سەر شاری بەندەری موکەلا لە باشووری رۆژهەڵاتی یەمەن، دوای هەڕەشەکانی ریاز بۆ سەرکردایەتیی ئیمارات هات کە داوای لێکردبوو دەستبەجێ سەرجەم هێزەکانی لە یەمەن بکشێنێتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئاسایشی نەتەوەیی سعودیە هێڵی سوورە و جێگەی گفتوگۆ نییە.
دوای هێرشەکەش، ئەبوزەبی کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی لە یەمەن راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، لە هێرشەکەی سعودیە تووشی شۆک بووە و بڕیاریداوە هێزەکانی بکشێنێتەوە بۆ ئەوەی لە سەلامەتییان دڵنیابێت.
ئەم رووبەڕووبوونەوە و هێرشکردنە، دوای پێشڕەوییەکی چاوەڕواننەکراوی هێزەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور دێت کە ئیمارات پاڵپشتییان دەکات. ئەو هێزانە لەو کاتەوە دەستیان بەسەر رووبەرێکی فراوانی باشووری یەمەندا گرتووە، لەوانەش بەشێک لە پارێزگای حەدرەمەوت کە ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ تەواوی وڵاتانی کەنداو.
ئیمارات پێشتر هاوبەشێکی سەرەکی بوو لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە رابەرایەتیی سعودیە دژی حوسییەکانی نزیک لە ئێران، بەڵام فراوانبوونی هەژموونی هێزەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور و نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکانی سعودیە، سەرکردایەتیی ریازی نیگەران کردووە؛ ئەمەش ئەو ناکۆکییە درێژخایەنەی نێوان ریاز و ئەبوزەبی لەسەر هەژموون، ستراتیژی و شەڕی ناوخۆی یەمەن تەقاندەوە.
هاوکات بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی یەمەن، حکومەتی سەنعا رێککەوتنی بەرگریی لەگەڵ ئیمارات هەڵوەشاندەوە و ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بە دروستکردنی ناسەقامگیریی لە وڵاتەکەدا، ئەویش بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور.
هەروەها یەمەن فەرمانی بە هێزەکانی ئیمارات کرد لە ماوەی 24 کاژێردا وڵاتەکە بەجێبهێڵن. دوای ئەوەش، ئیمارات کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی وڵاتەکەی لە یەمەن راگەیاند.
سێ هێزە کاریگەرەکانی یەمەن کێن؟
حوسییەکان
گرووپی چەکداریی ئەنساروڵڵا کە بە حوسییەکان ناسراون. ئەم گرووپە کۆنترۆڵی باکووری یەمەنیان کردووە، لەوانە سەنعای پایتەخت و کەناراوەکانی رۆژئاوا؛ وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ئێرانیش دەبینرێن.
دوای شەپۆلی بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011 کە ناڕەزایەتییەکانی دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی عەرەبی گرتەوە، یەمەنیشی گرتەوە و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی ئەوکاتی یەمەن. پاشان حوسییەکان دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت.
دواتر لە ساڵی 2015، بە دەستێوەردانی سەربازیی هاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتیی سعودیە، شەڕ لە نێوان حوسییەکان و هاوپەیمانییەکە دەستیپێکرد. هەریەک لە سعودیە و ئیمارات رۆڵی سەرەکییان لەو هاوپەیمانییەدا هەبوو.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتی (PLC)
ئەم ئەنجوومەنە لەلایەن سعودیەوە پاڵپشتی دەکرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانراوە. ئەنجوومەنەکە لە مانگی نیسانی 2022 بە 8 ئەندام پێکهێنرا؛ ئەوەش لە رێگەی هەوڵەکانی سعودیە بۆ یەکخستنی هەموو لایەنە دژە حوسییەکان لەسەر یەک ئامانج و ستراتیژ.
ئایدرووس زوبەیدی وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەستنیشانکرا. هەرچەندە ئەم هاوپەیمانییە وەک حکومەتی فەرمیی یەمەن کاری دەکرد، بەڵام لە کانوونی یەکەمی 2025 بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆییەوە هەڵوەشایەوە و ئەو ئەنجوومەنە و ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور راستەوخۆ رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، پێشڕەوییەکانی ئەنجوومەنی راگوزەر وایکرد ناوچە گرنگەکانی باشوور لەژێر دەستی هێزەکانی سەر بە سعودیە دەربچن و کاریگەریی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی تەنیا بۆ چەند ناوچەیەک سنووردار بێت.
ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور
گرووپێکی جوداخوازە و ئێستا کۆنترۆڵی ناوچەکانی باشووری یەمەن دەکات. هەوڵی گەڕاندنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی باشووری یەمەن دەدات کە پێش ساڵی 1990 هەبوو و بە "کۆماری دیموکراتی گەلی یەمەن" ناسرابوو. ئیمارات بە پاڵپشتیکاری سەرەکیی ئەم گرووپە دادەنرێت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە، ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور دەستی بەسەر 8 ناوچەی باشووردا گرت، لەوانە: عەدەن، حەدرەمەوت و مەهرە؛ هەروەها دەستیان بەسەر چەندین بەندەری سەرەکی و کێڵگەی نەوتدا گرت.
هەرچەندە ئەو ئەنجوومەنە تاوەکو ئێستا هیچ هێرشێکی راستەوخۆی نەکردووەتە سەر سعودیە، بەڵام ریاز پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی بۆ ناو ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیدا بوون، بە هەڕەشە دەبینێت.