رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: ئێران پار 1500 کەسی لەسێدارە داوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە رایگەیاند، ساڵی 2025 ئێران لانیکەم هەزار و 500 کەسی لەسێدارە داوە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی سزای لەسێدارەدانە لەو وڵاتە لە ماوەی 35 ساڵی رابردوودا.
رۆژی پێنجشەممە 1-1-2026، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR)، ئامارە بەراییەکانی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە و زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی بە "بێ وێنە" وەسفکرد.
مەحموود ئەمیری موغەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە لەبارەی ئامارەکانەوە گوتی: "دۆخەکە زۆر جێی نیگەرانییە و لە 35 ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە؛ تائێستا رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ژمارەی لەمشێوەیەی تۆمار نەکردووە."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ساڵی 2024 ئێران 975 کەسی لەسێدارە دابوو، بەڵام ساڵی 2025 ژمارەکە بۆ لانیکەم 1500 کەس بەرزبووەتەوە؛ لەو ژمارەیە زیاتر لە 700 کەسیان بە تۆمەتی "پەیوەست بە مادەی هۆشبەر" لەسێدارە دراون.
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەڵێت، ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە دوای خۆپێشاندانەکانی ئەیلوولی 2022 (دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی) بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەجۆرێک لە ساڵی 2022 زیاتر لە 500 کەس، لە 2023 زیاتر لە 800 کەس، لە 2024 ژمارەکە بۆ 975 و لە 2025 بۆ 1500 کەس بەرزبووەتەوە.
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە گوتی: "دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس بەکاردێنن. ئامانجیان رێگرییە لە دروستبوونی ناڕەزایەتیی نوێ، بەڵام وەک دەبینن لەم رۆژانەدا سەرکەوتوو نەبوون."
ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکە بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە ناڕەزایەتی لە چەند شارێکی ئێران سەری هەڵداوەتەوە؛ ئەمڕۆ پێنجشەممەلە شاری لۆردەگان لە باشووری رۆژئاوا، پێکدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران روویدا.
لە پێکدادانەکانی ئەم چەند رۆژەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان و دوو هاونیشتمانی کوژراون، 13 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندارن و 27 کەسیش دەستگیرکراون.